رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لەو سەربازە ئەمریکییانەی، لە هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بریندار بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گوازراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر وەردەگرێت.
رۆژی چوارشەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، یەکێک لەو سێ سەربازە ئەمریکییانەی لە هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بریندار بوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا گوازراوەتەوە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە هەروەها رایانگەیاندووە، دوو سەربازە بریندارەکەی دیکە برینەکیان سووک بووە و پێویست نەبووە بگوازرێنەوە ئەڵمانیا یان شوێنێکی دیکە.
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، رایگەیاند بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
کەتائیبی حیزبوڵڵا کە لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبییە، بەرپرسیاریێتی خۆی لەو هێرشە راگەیاند.
ئەو هێرشە، بە گوتەی مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) وایکرد جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمان بکات سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەم بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی بکەنە سەر سێ پێگەی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کە بە گوتەی ئەو، بووە هۆی کوژرانی چەند چەکدارێک، بەڵام حکومەتی عێراق رایگەیاند لەو هێرشانەدا تەنیا یەک چەکدار کوژراوە و، 18 کەسیش برینداربوون؛ ژمارەیەک لە بریندارەکان سڤیل بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێنتاگۆن، لەدوی جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە، زیاتر لە 100 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ