هێزەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومان کرد

28-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

‌هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئەو وڵاتە، ئەمرۆ شارۆچکەی عەین عیسا لە باکووری رەققە و شەش گوندیان لە ناوچەکانی تلتەمر و زرگان لە باکووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکەوە بە دەستی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە، 28-12-2023، هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای سەر بە ئەو وڵاتە، گوندەکانی رەبیعات، تلوەرد و ئەسەدییە لە ناوچەی تلتەمر و گوندەکانی مشێرفە، خەزراوی و بۆبی-یان لە ناوچەی زرگان لە باکووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی سەربازیی تلتەمری سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتدان، بە سەختی تۆپباران کرد.
 
بەهۆی تۆپبارانەکانەوە، زیانێکی زۆری مادی گەیشتووەتە مال و موڵکی خەڵکی سڤیلی ناوچەکە.
 
هەروەها تورکیا ئێوارەی ئەمرۆ شارۆچکەی عەین عیسا کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای رەققا تۆپباران کرد، کە بە پێی زانیارییەکان بە هۆیەوە کچێکی 16 ساڵان بریندار بووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، شەرڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی تلتەمر لە وەڵامی تۆپبارانەکانی ئەمرۆ بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، چەندین بنکەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایان لە گوندەکانی ئوم ئوشبە، باب ئەلفەرەج و موبارەکییە لە باکووری شارۆچکەی تلتەمر تۆپباران کرد.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێیەکان، بە هۆی تۆپبارانەکانی شەرڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی تلتەمرەوە ژمارەیەک چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون و بریندار بوون.
 
رۆژی 24ـی ئەیلۆلی ئەمساڵیش، هێزەکانی تورکیا گوندەکانی تەویلە، تل تەویل و تل کەرەبێت و هەروەها شارۆچکەی زرگانیان لە باکووری رۆژئاوای حەسەکە تۆپباران کردبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە