رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی مەهدی سومەیدەعی، ناسراو بە موفتی عێراق بڵاوبووەوە و تێیدا مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، زانای ئایینی بەنێوبانگی کورد بە "پیاوی حکومەتی بەعس"، تۆمەتبار دەکات. یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی قسەکانی کرد.
مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە، "کە تێیدا راشکاوانە مەهدی سومەیدەعی، هێرش دەکاتە سەر یەکێک لە شانازییەکانی زانایانی کوردستان، عێراق و جیهانی ئیسلامی، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، خوا دەرەجاتی عالی بکات و سووکایەتی بە پێگە، پیشە، کەسایەتی، هەڵوێست و مێژووە پڕ لە شکۆمەندییەکەی دەکات."
"سووکایەتییە بە سەرجەم مامۆستایانی کورد و عێراق"
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، "ئێمە لە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو سووکایەتییە دەکەین، کە نەوەکو تەنیا سووکایەتییە بە کەسایەتیی پایەبڵندی مەرحوومی مامۆستای مودەڕیس، بەڵکو سووکایەتی و بریندارکردنی هەستی سەرجەم زانایانی کورد، عێراق و ناوچەکەیە."
چەند رۆژێک لەمەوبەر، مەهدی سومەیدەعی، لە چاوپێكەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا هێرشیکردە سەر مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی عێراق، (1974-2003) و بە بەعسی و گوتەبێژی حکومەتی بەعس تۆمەتباری کرد و گوتیشی، "نەیتوانیوە بەرهەڵەستی قسەکانی حکومەت بکات یان رەخنەی لێبگرێت."
ئەو قسانەی سومەیدەعی کاردانەوەی زانایانی ئایینی سوننەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. زانایانی ئایینی و پێشونوێژ و گوتارخوێنان لە مزگەوتی شێخ مەعرووف کەرخی لە شاری بەغدا، لە دژی بێڕێزیکردن بە موفتی پێشووی عێراق مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کە سەرۆکی پێشووتری زانایانی ئایینی عێراقیش بووە گردبوونەوە و راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی ئەو قسانەی سومێدەعییان کرد و رایانگەیاند، "بێڕێزکردن بە زانایایان بێڕێزییە بە پەیامبەران و جێنشینانی پەیامبەر لەسەر زەوی. "ئەم بێڕێزییە، بە هەموو خەڵکی عێراق کراوە و بەڵگەیە لەسەر نەزانی ئەو کەسەی ئەو قسانەی کردووە."
یەکێتیی زانایان: چاوەڕوان بووین سومەیدەعی شایستە داراییەکانی کوردستان رووبەڕووی حکومەتی ناوەندی بکات
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە درێژەی راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، کەسایەتییەکی بلیمەت و ناوازە و هەڵکەوتووی جیهانی ئیسلامی، سیمبوول و جێی شانازی گەلی کورد و زانایانی کوردستانە، بە کۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی عەللامە، پێشەوا، موجتەهید و هەڵکەوتووی نێو زانایانی عێراق بووە، هەر ئەمەش وایکردووە ببێتە موفتی عێراق و خزمەت و هەنگاوەکانی ببنە مایەی شانازی بۆ تاهەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم، نووسین، فەتوا و کۆششە زانستییەکانی ئەم کەڵە زانایە، گەواهیدەری پاکی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگی ئەم زاتە مەزنەن."
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەشڵێت، "ئێمە چاوەڕوان بووین مەهدی سومەیدەعی، بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان رووبەڕووی حکومەتی ناوەندی بکات، پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە بەکاربێنێت، کە هەموو زانایانی عێراق خوازیاری بوون، نەک ناو و پێگە و لێدوانی خۆی بۆ سووکایەتیی بەرامبەر فەخری عێراق و کوردستان، شێخ عەبدولکەریمی بیارە بەکاربهێنێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، "بەناوی زانایانی کوردستانەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و دامەزراوەی یاسایی دەکەین، بە زوویی رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنە بەر، رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک سووکایەتی بەرامبەر رەمز و سیمبوولە ئایینییەکان بکات."
"سومەیدەعی موفتییەکی ساختەیە و دادگەیی بکرێت"
لە بەشێکی راگەیێندراوکەی مامۆستایانی ئایینی لە بەغدا کە لەلایەن شێخ حامد شێخ حەمەد خوێنرایەوە دەڵێت، "داوا دەکەین مەهدی سومەیدەعی دادگەیی بکرێت بە تۆمەتی بێڕێزی بە سیبموولەکان ئایینی وڵات و ئیسلامی. حکومەت بڕیاری دادگە جێبەجێ بکات لە چۆڵکردنی مزگەوتی ئوم تبوول و دەرووبەری. داوا لە دیوانی وەقفی سوننە دەکەین گوتاربێژیی لێ قەدەخە بکات، چونکە شایستەی ئەو کارە نییە. هەروەها پێویستە دیوانی وەقفی سوننە و حەزرەتی قادریی یەکێک لە هۆڵە سەرەکییەکان لە مەزارگەی قادرییە بە ناوی عەبدولکەریم مودەڕیس بکەن. هەموو گوتاربێژانی مزگەوتەکان لە گوتاری هەینی داهاتوویان باسی ژیاننامەی عەبدولکەریم مەدریس بکەن."
هەروەها جەخت لەوەدەکەنەوە، "مەهدی سومەیدەعی سیفەتی موفتی بە ساختە و بوهتان بەکارهێناوە، لەسەر دەستی هیچ زانایەکی دیاری عێراق نەیخوێندووە و بە بڕیاری فەرمی نەکراوەتە موفتی عێراق."
مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کێیە؟
عەبدولكەریم محەممەد فەتاح، ناسراو بە مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، ساڵی 1901 لە گوندی تەكیەی سەر بە شارۆچكەی خورماڵ لەدایكبووە.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا لە مزگەوتی مەڵكەندی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و دەستی بە خوێندنی پەرتووكی شەرعی جامی كردووە، دواتر چووەتە مزگەوتی مەلا محەممەد ئەمین بالیكەدەری، لە ساڵی 1924 لە ئاهەنگێكی فراواندا لە شاری سلێمانی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. تاوەكو ئێستا 84 كتێبی لە چاپدراوی هەیە و چەند بەرهەمێكی دیكەی لەدوای خۆی جێهێشتوون كە چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا چاپ و بڵاوبكرێنەوە.
موفتیی عێراق و باوەڕپێکراوی کۆڕی زانیاریی ئوردن
مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراق بە زانایەکی گەورە ناسراو بووە، خاوەنی توانای فتوای ئایینی بووە، بۆیە چەندین ساڵ سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی عێراقی بووە، دوو ساڵ بەرلەوەی کۆچی دوایی بکات، سێ هەزار زانای ئایینی سوننی کە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە، بەبێ بەشداریکردن و ئاگاداری خۆی، بە کۆی دەنگ مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسیان بە سەرۆکی (الامانە العلیا للافتاء و التدریس و البحوث و التصوف) هەڵبژارد، بەڵام لەبەرئەوەی باری تەندروستی ناجێگیربوو ئەو پۆستەی رەتکردەوە.
وێڕای ئەوەی ماوەیەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی عێراق- دەستەی کورد بووە، ھەروەھا باوەڕپێکراوی کۆڕی زانیاریی وڵاتی ئوردنیش بوو.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە تەمەنی 104 ساڵیدا و لە 30ـی ئابی 2005 لە شاری بەغدا کۆچی دواییکرد.
بەشێک لە کتێب و بەرهەمە چاپکراوەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس:
باخچەی گوڵان، بارانی ڕەحمەت، بەھار و گوڵزار، بنەماڵەی زانیاران، شەرحی تەسریفی زنجانی، تەفسیری نامی (لە چەند بەرگێکدا)، سەناو سکاڵا، حەج نامە، خولاسەی تەفسیری نامی، دوو ڕشتە، ڕۆژگاری ژیانم، ڕۆژگای بەھەشت، ڕێگای پێغەمبەر، سەرچاوەی ئایین، سۆسەنی کۆسار، شەریعەتی ئیسلام (لە 4 بەرگدا)، شەمامەی بۆندار، شەوچەرەی دڵدار، کەراماتی حەزرەتی زیائەدین، لیمۆی مەزەدار، مەولوودنامە و میعراجنامە، مەکتووباتی کاک ئەحمەدی شێخ، نامەی بەختیار، نامەی ھۆشیار، شەمامەی بۆندار، نووری ئیسلام، نووری قورئان، وەنەوەشەی نازدار، وتاری ئایینی بۆ ڕۆژانی ھەینی، یادی مەردان (دوو بەرگ).
وەرگێڕان بۆ کوردی:
وەرگێڕانی بەھارستانی جامی (چاپ نەکراوە)
ساخکردنەوەکان:
عەقیدەی مەرزییە مەولەوی، فەزیلەی مەولەوی، دیوانی فەقێ قادری ھەمەوەند، دیوانی مەحوی، دیوانی مەولەوی و دیوانی نالی.
بەرھەمەکان بە زمانی فارسی:
فوائد الفوائح ـی مەولەوی، رسالە شمشیرکاری.
بەرھەمەکان بە زمانی عەرەبی:
علماءنا فی خدمة علم والدین، الصرف الواضخ للمبتدئین، الإسلام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ