وردەکاریی کوشتنی پۆلیسەکەی کەرکووک لەلایەن داعشەوە؛ 'دەیگوت زوو بیکوژە، بۆ وەستاوی'

28-12-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
ئەو دوو پۆلیسەی لەنێو بازاڕی کەرکووک تەقەیان لێکرا.
ئەو دوو پۆلیسەی لەنێو بازاڕی کەرکووک تەقەیان لێکرا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کامێراکانی چاودێرییە، چرکەساتی تەقەکردن لە دوو پۆلیس پێشاندەدات لەنێو بازاڕێکی قەرەباڵخی کەرکووک. 
 
رووداوەکە دروست لەنێو لەنگە فرۆشەکانی دامێنی قەڵا روویداوە، بەهۆیەوە پۆلیسێک بەناوی شوان تاهیر حوسێن، کە پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکانە گیانی لەدەستدا و پۆلیسێکی دیکە بەناوی عەدنان حوسێن بریندارە. هاوکات، هەر بەهۆی فیشەکەوە دوو کەسی دیکە بەناوەکانی هەڵۆ عودەی و مەروە عەدای بریندارن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، داعش هێرشی کردووەتە سەر دوو پۆلیسەکەی کەرکووک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێکیان. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی کردەوەکەی ئەمڕۆی شاری کەرکووکیان ئەنجامداوە، سەر بە داعشن." 
 
لە رووداوێکی تەقەکردندا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کەرکووک پۆلیسێکی چالاکە مەدەنییەکان کوژرا؛ بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی دەست رووداو کەوتووە، دوو چەکدار دەچنە پشت سەری دوو پۆلیس و تەقەیان لێدەکەن و هەڵدێن. 
 
شایەتحاڵەکان لەشوێنی رووداوەکە گوێیان لە دەنگی چەندین فیشەک بووە، دەڵێن، "پۆلیسەکان چەکیان پێ نەبووە و ئاگادار نەبوون، پێشتریش گومان دەکرێ تەقەکەرەکان بەدوایانەوە بوبێتن."
 
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، "فیشەکێکی لە پشتە سەری دا، پۆلیسەکە بە زەویدا کەوت، ژنێک و پۆلیسەکەی دیکەش بریندار بوون. دیار بوو یەکێک لە هێرشکارەکان بە بکوژەکەی دەگوت، پەلەبکە، زوو بە." 
 
ئەو دوو کەسەی کە تەقەیان کردووە، لەکامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتوون، لە دوورەوە بەدوای پۆلیسەکانەوە هاتوون و دەموچاویان شاردووەتەوە. 
 
پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر رووداوەکە پێکهێناوە.
 
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک راستەوخۆ سەرپەرشتی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکات. پۆلیس رووداوەکە بە تیرۆر ناودەبات. گەرچی بکوژەکان نادیارن، بەڵام پۆلیس پێداگرن لەدەستگیرکردنیان. 
 
لیوا کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت، "وەک بەچاوی خۆتان بینیتان، دوو پۆلیسمان بۆ پێداویستیی خۆیان هاتوونەتە نێو بازاڕەکە، کەسێک لە پشتەوە تەقە دەکات و دەیکوژێت."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک هەروەها گوتی، لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری تاوانەکە چییە و "دوای ئەوە، خۆمان ئاگادارتان دەکەینەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پۆلیسە کوژراوەکەی کەرکووک ناوی شوان تاهیر حوسێنە و لەدایکبووی 1986ـە؛ هاوسەرگیریی کردووە و چوار منداڵی هەیە، کچێک و سێ کوڕن؛ پلەی مفەوەز بووە لە هێزی پاراستنی یاسای چالاکییە مەدەنییەکانی کەرکووک. 
 
هەر لەماوەی ئەم ساڵدا ئەمە پێنجەم جارە بەم شێوەیە هێرش دەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکان لەنێو سەنتەری شاری کەرکووک، هەرچەندە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان دەیان هەوڵی هاوشێوەیان پووچەڵکردووەتەوە.
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە