رووداو دیجیتاڵ
لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممەوە تەمومژێکی چڕ ئاسمانی ئامەدی باکووری کوردستانی گرتووە و بەهۆیەوە شەش گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەی دیاربەکر هەڵوەشێندراوە.
نزیکەی 12 کاژێرە تەمومژ ئاسمانی ئامەدی باکووری کوردستانی گرتووە و لە هەندێک شوێندا زۆر چڕە. ئەوە کێشەی بۆ فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکان دروستکرد. بەوهۆیەوە لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 27-12-2023وە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە. ئەو گەشتانە بۆ پارێزگاکانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر بوون.
هەروەها دوو فڕۆکە کە دەبوو لە فڕۆکەخانەی دیاربەکر بنیشنەوە، رەوانەی فڕۆکەخانەی پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان کران و لەوێ نیشتنەوە.
فڕۆکەخانەی دیاربەکر لە ئامەدی باکووری کوردستان دەکەوێتە ناوچەی باغڵار و ساڵی 1952 دروستکراوە. رووبەری تەرمیناڵەکەی 61 هەزار و 480 مەتر چوارگۆشەیە. زۆرترین گەشتی ئەم فڕۆکەخانەیە بۆ شارەکانی ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئیستەنبووڵ و ئیزمیرە.
فڕۆکەخانەکە ساڵی 2020 پێشوازیی لە ملیۆنێک و 115 هەزار و 642 گەشتیار کردووە. هەروەها ساڵی 2021 پێشوازیی لە ملیۆنێک و 349 هەزار و 124 گەشتیار کردووە. ساڵی رابردووش پێشوازیی لە ملیۆنێک و 670 هەزار و 293 گەشتیار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ