کارەبای گەرمیان: خواست لەسەر کارەبا 200 مێگاواتە بەڵام 85 مێگاوات کارەبامان هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

کارەبای گەرمیان رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ بە گوژمەی 22 ملیار دینار پرۆژەیان لە سێکتەری کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ کردووە و لە داهاتوو هیچ گوندێک لەسنوورەکەدا نامێنێت کارەبای پێنەگات. دەشڵێت، "پشکی کارەبای سنوورەکە 85 میگاواتە، بەڵام خواست لەسەر کارەبا نزیکەی 200 مێگاواتە."
 
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە، محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئەم ساڵ چەند پرۆژەیەکی گرنگ لە کەرتی کارەبا لە سنووری گەرمیان جێبەجێکراون، لەوانە؛ پرۆژەی وێستگەی کەلار2  کە وێستگەیەکی 132kvیە و بەگوژمەی 18 ملیار و 380 ملیۆن دینار ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و 60٪ـی کارەکانی تەواو بووە، کە وێستگەکە توانای دابەشکردنی 180 مێگاوات کارەبای هەیە.
 
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان گوتیشی، "پرۆژەی گەیاندنی کارەبا بۆ نزیکەی 30 گوندی سنووری گەرمیان خراوەتە واری جیبەجێکردنەوە[پێشتر کارەبای 6 لەو گوندانە تەواوکرابوون]، لە چەند رۆژی رابردووشدا پرۆژەی گەیاندنی کارەبا بە 24 گوند خرایە واری جێبەجێکردن بە گوژمەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار، بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە هیچ گوندێک لە سنووری گەرمیان نامێنێت تۆڕی کارەبای نیشتمانی پێنەگەیشتبێت."
 
ئالان ئەرکان ئاماژەی بەوەشکرد، "چەند پرۆژەیەکی دیکەمان جێبەجێکردووە وەکو دروستکردنی کۆگە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان، لەگەڵ فراوانکردنی تۆڕی کارەبای چەند گوندێک."
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 82 هەزار و 500 هاوبەشی کارەبا لە هەموو پۆلەکانی هاوبەشیکردنی(ماڵان، بازرگانی، کشتوکاڵی و پیشەسازی) هەن.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان، کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کورستان کەمیکردووە، وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، توانای بەرهەمهێنانی کارەبای بۆ سێ هەزار و 400 مێگاوات کارەبای هەیە و خواستیش لەسەر کارەبا بۆ سەرووی شەش هەزار مێگاوات بەرزبووەتەوە.
 
لەبارەی بڕی پشکی کارەبای رۆژانەی سنوورەکە، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت، "بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 4.7٪ـی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانی بەردەکەوێت و پشکی کارەبای گەرمیان رۆژانە نزیکەی 85 بۆ 90 مێگاوات کارەبایە و رۆژانە نزیکەی 10 بۆ 11 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانییان، بەڵام خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا نزیکەی 200 مێگاوات کارەبایە."
 
وێستگەی کارەبای 165 مێگاواتیی گەرمیان، کە لە گازی هاوەڵ (بەفیڕۆچووی) بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرهەمدەهێنێت، ساڵی 2021 کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و دەستی بە بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە. رووبەری وێستگەکە 35 دۆنم زەوییە و پێکهاتووە لە 180 موەلیدە و 45 گۆڕەر، توانای بەرهەمی کارەبای هەر موەلیدەیەکیش 0.9 مێگاواتە.
 
ئالان ئەرکان دەڵێت، "وێستگەی بەرهەمهێنانی 165 مێگاواتی حەسیرە لە گەرمیان، ئێستا بڕی نزیکەی 85 میگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت و تێکەڵی تۆڕی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەگەر بڕی گازی پێویستی بۆ دابینکرێت، ئەوا توانای زیادکردنی بەرهەمهێنانی هەیە، چونکە ساڵی رابردوو توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکە نزیک بووەوە لە 150 مێگاوات."
 
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی پریپەید لە سنووری گەرمیان، ئاماژەی بەوەکرد، "هەموو ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە گەرمیان کراوە و چاوەڕوانی ئەو کۆمپانیایەن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا گرێبەستی هەیە، بەگوێرەی پلان سەرەتا لەناو بازاڕەوە دەستپێدەکات."
 
لەبارەی بڕی قەرزی کارەبا لەسەر هاوبەشان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سنووری گەرمیان، بڕی 55 ملیار و 600 ملیۆن دینار قەرز لای هاوبەشانی کارەبایە." 
 
گوتیشی، هەرچەندە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران هەبوو بۆ لێخۆشبوونی 15٪ـی قەرزی کارەبا لە 20ـی مانگی8 بۆ 20ـی مانگی 11، وادەکەی تەواو بووە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا داوایان لە حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە وادەکە درێژبکرێتەوە، چونکە بەهۆی قەیران و دواکەوتنی مووچە هاونیشتمانییان نەیانتوانی سوود لەو داشکاندنە ببینن.
 
تائێستا نزیکەی یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراوە بە تێکڕا 92٪ـی هاوبەشانی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات و بەگوێرەی پارێزگاکان رێژەکەی دەگۆڕێت.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان دەڵێت، "رێژەی بەستنی پێوەری زیرەک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 88٪ـی هاوبەشانی کارەبان کە نزیکەی 68 هەزار هاوبەشن."