لە قەرسی باکووری کوردستان وەرزی خواردنی گۆشتی قاز دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بارینی یەکەمین بەفری کاریگەری ساڵ، لە باکووری کوردستان خواردنی قاز دەبێتە حەزێکی دەستلێهەڵنەگیراو. قەرسی باکووری کوردستانیش بە پێشەنگی تام و چێژی گۆشتی قاز دادەنرێت.
 
لەو شارەی باکووری کوردستاندا قاز بە نەریتی کوردەواری ئامادە دەکرێت. هەدیە بابایغیت، قازفرۆش دەڵێت، "جاران بەفرگر نەبوو. کاتێک بەفر دەباری، دەرەوە یەکپارچە سپیپۆش دەبوو و دەیبەست. سندووقەکانمان لە دەرەوە دادەنا و دەیبەست."
 
لە پارێزگای مووش لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ژمارە و بەخێوکردنی قازی خۆماڵیدا بەرەوپێشچوونی زۆری تۆمارکردووە. بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی کشتوکاڵیی مووش، ئەمساڵ 102500 قاز لەو پارێزگایەدا هەیە و بژێویی ژیانی 150 خێزان لەسەر بەخێوکردنی قازە.
 
محەممەد گیون، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی مووش دەڵێت، "لە پارێزگای مووش، بەپێی ئامارەکانمان بەرهەمی قاز بڕی 40 ملیۆن لیرە قازانجی بۆ بەخێوکەرانی هەیە."
 
سەرەڕای هەنگاوەکانی مووش لە بەخێوکردن و فرۆشتنی قازی خۆماڵی، بەڵام گەشتیاران بۆ خواردنی گۆشتی قاز هەر روو لە قەرس دەکەن.
 
عەبدولڕەزاق ئوغورغڵو، بەخێوکەری قاز ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر کەس لە قەرسەوە بەتایبەت دێنە ئێرە قاز دەکڕن. ئەوانیش دەیفرۆشنەوە بە گەشتیارانی شارەکانی رۆژئاوا."
 
قەرسییەکان قاز خۆشە دەکەن و وشکیدەکەنەوە، ئینجا بە شێوازێکی تایبەتیی خۆیان پێشکێشی دەکەن، وەکو بڵێی ئەم چێژە تەنیا لەوێدا دەستدەکەوێت. قەرس پلانی داناوە لەڕێی زانکۆ و هۆتێلەکانیەوە خواردنی قازی کوردەواری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستاوە خواردنی قازی قەرس بۆ مێنوەکانی ئەو شارە زیادکراوە.