رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەسەر پرسی دەستگیرکردنی ژمارەیەک کۆچبەرى کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى لوبنان، داوای روونکردنەوەیان لە هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە لوبنان کردووە، بەرپرسێکى ئەو وەزارەتەش ئاشکرای کرد کە ئەوانە 33 کۆچبەرن و زۆرینەیان کوردن، لە لایەن ئاسایشى گشتیى لوبنان دەستبەسەرن و ئەگەر هەیە لەدواى سەرى ساڵ ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ژمارەیەک کۆچبەرى عێراقى کە هەندێکیان کوردن، لە لوبنان دەستگیرکراون، کاتێک ویستوویانە لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانى ئەوروپا.
رۆژی 28ى کانوونى یەکەمى 2022، د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لەسەر ئەو پرسە داواى روونکردنەوەمان لە هەڵسووڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە لوبنان کردووە و چاوەڕێى وەڵامین".
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، لە رێگەى باڵیۆزخانەى عێراقەوە لە لوبنان بەدواداچوون بۆ کێشەى دەستگیرکردنى ئەو کۆچبەرانە کراوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
رۆژی 28ى کانوونى یەکەمى 2022، عومەر بەرزنجى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەرجەم ئەو کۆچبەرە عێراقییانەى لە لوبنان دەستگیرکراون، ژمارەیان 33 کەسە کە زۆرینەیان کوردن و لەلایەن دەزگاى هەواڵگریى لوبنانەوە دەستگیرکراون و ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى نیشتمانیى لوبنان دەستبەسەرن".
عومەر بەرزنجى گوتى: "لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە کراوە بەمەبەستى ئەوەى بزانن کێ هاوکاریکردوون و ئەو تۆڕە کێ بوون کە ویستوویانە بەقاچاخ بیانبەن بۆ دەرەوەى ئەو وڵاتە، ئەگەر هەیە دواى سەرى ساڵ کێشەکەیان کۆتایی بێت و ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام دواى گەڕانەوەیان جارێکى دیکە ناتوانن بچنەوە لوبنان، چونکە پاسپۆرتەکانیان نیشان دەکرێت".
چوار کەس لەو کۆچبەرانە هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستانن و خەڵکى قەزاى چەمچەماڵن لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى کە لەیەک خێزانن.
سەید جەمال عەبدولعەزیز، سەرۆکى ئەو خێزانە بە رووداوی گوت: "ئێمە قاچاخچییەکە پێیگوتین بە فەرمی ئەم کەسانە دەباتە وڵاتانی ئەوروپا، هەر بۆیە بۆ هەر یەکێکیان زیاتر لە 15 هەزار دۆلارم داوە، ئەو گوتی یەک شەو لە لوبنان دەمێننەوە و نابێتە دوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ