لە قەڵادزێ تەرمی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵان دەدۆزرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تەرمی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵانیان دۆزیوەتەوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، خنکاوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-12-2022، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی هاونیشتمانییەکی گەنج بە ناوی (ٲ . م . ٲ) لەدایکبووی ساڵی 2000، دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەران لە قەڵادزێ، گەیێندرایە نەخۆشخانە کە لە رووبارێکی نزیک گوندی چۆمخڕکە خنکاوە.
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە زاری کەسوکاری گەنجەکەوە دەڵێت: "باری دەروونی ناجێگیر بووە و پەرکەم (سەرع)یشی هەبووە، بەو هۆیەشەوە کەوتووەتە ناو رووبارێکی نزیک گوندی چۆمخڕکە و خنکاوە".
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، کەسوکاری گەنجەکە خۆیان تەرمەکەیان دەرهێناوە و بردوویانە بۆ نەخۆشخانە. گوتیشی: "تیمی بەڵگەکانی تاوانی پشدەر چوونەتە شوێنی رووداوەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردووەتەوە".