نزیکەی مانگێکە چوار ئەندامی خێزانێکی چەمچەماڵ لە لوبنان دەستگیرکراون

28-12-2022
نزار جەزا
گریانی سەید جەمال بۆ منداڵ، بوک و کوڕەزایەکی کە لە لوبنان دەستگیرکراون
گریانی سەید جەمال بۆ منداڵ، بوک و کوڕەزایەکی کە لە لوبنان دەستگیرکراون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی مانگێکە چوار ئەندامی خێزانێکی دانیشتووی لوبنان دوای ئەوەی ویستوویانە بە رێگەی لوبنان بچنە بەریتانیا، پۆلیسی دەریاوانیی ئەو وڵاتە دەستگیری کردوون. ئەوان لەگەڵ گرووپێکی 25 کەسی دەستگیرکراون کە 10 کەسیان کوردن.
 
ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، دوو کوڕ، بوکێک و کوڕەزایەکی تەمەن چوار ساڵی سەید جەمالن. سەید جەمال عەبدولعەزیز بە رووداوی گوت، "ئێمە کەسانێکی هەژارین و دەنگمان ناگاتە هیچ شوێنێک. قاچاخچییەکە پێی گوتین بە فەرمی ئەم کەسانە دەباتە وڵاتانی ئەوروپا، هەر بۆیە بۆ هەریەکێکیان زیاتر لە 15 هەزار دۆلارم داوە، ئەو گوتی یەک شەو لە لوبنان دەمێنێتەوە و نابێتە دوو."
 
لە دوایین نامەی دەنگیدا کە بۆ باوکی ناردووە، یەكێک لە دەستگیرکراوەکان دەڵێت، لەگەڵ 25 کۆچبەری دیکەی عێراقیدا لە لوبنان دەستگیرکراون. دەشڵێت، "من شوێنم باشە، بەڵام هەر ئەمڕۆ و بەیانیمان پێدەکەن، دەڵێن ئەم هەفتەیە ئازادتان دەکەین، کەسیش ئاگادارمەکەن، بچن بۆ ماڵی کاک محەممەد [کوڕەکەی سەید جەمال] زانیاریتان پێدەدەن."
 
سوندس ئەحمەد، دایکی دەستگیرکراوێک لە لوبنان باس لەوە دەکات، "دەبێ حاڵمان چۆن بێت، نازانم چۆن شەو و رۆژ بەڕێدەکەین. کاژێر دووی شەو کە ئاو هاتووەتەوە، دراوسێکان لە دەرگەیان داوە، هەموومان بە خێزانی رامانکردووە دەرگەمان کردووەتەوە، وامانزانیوە ئەلەندی کوڕمانە گەڕاوەتەوە. هەر بەگریانەوە دەخەوین، کوڕەکەم منداڵ و بچووکە."
 
لەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، نزیکی 10 کەسیان کوردن. بەگوتەی پەرلەمانتارێکی عێراق کە بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کردووە، پێش ئەوانیش پێنج گرووپی دیکەیش لە لوبنان دەستگیرکراون کە لەماوەی دوو هەفتە تاوەکو دوو مانگ دیپۆرتکراونەتەوە.
 
دکتۆر موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئێستا لە قۆناخی دوایین لێکۆڵینەوەن و دەدرێن بە دادگە، کە دران بە دادگە، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان دەدات، رەنگە لەماوەی هەفتەیەک تاوەکو دوو هەفتە ئازادبکرێن."
 
بەپێی ئامارێکی دەزگای لووتکە، لەماوەی ساڵی 2022دا زیاتر لە 71 هەزار کۆچبەر لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە کۆچیان کردووە، 70٪یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.