رووداو - سۆران
ئاژەڵدارانی سنووری سۆران خەمی گەورەی رۆژانەیان کڕینی ئالیکی ئاژەڵە و دەڵێن، رۆژ دوای رۆژ نرخی بەرز دەبێتەوە. ئیبراهیم عەبدوڵڵا، لە باب و باپیرانیەوە ئاژەڵداریی بۆ ماوەتەوە، بەڵام گرانیی نرخی ئەمساڵی ئالیک ناچاری کردووە بزنەکانی لە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانی جوندیان هەڕاج بکات.
ئیبراهیم عەبدوڵڵا، ئاژەڵدار دەڵێت، "لە رواندزەوە هاتووم، بزنەکانم هێناونەتە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان و بە ناچاری دەیان فرۆشم ئەو بڕە پارەیەم نییە کە ئالیکیان بۆ بکڕم؛ دەبینی واز لە پیشەیەک دەهێنم کە لە باب و باپیرانمەوە بۆم ماوەتەوە."
گرانیی نرخی ئالیک وایکردووە خستنەڕوو زۆر بێت و خواست کەم. حەسەن عەزیز، مامەڵەکاری ئاژەڵ دەڵێت، "ساڵی رابردوو دەچوویتە گوندەکان، مانگا بەبێ گۆلک بە 700 هەزار دینار کەمتر نەبوو، ئەمساڵ بە گۆلکەوە ناگاتە 650 هەزار خەڵک دەیفرۆشێت و ئالیکی پێ دابین نابێت."
زۆرن ئەو گوندنشینانەی بە ناچاری لەم وەرزەی ساڵدا ئاژەڵەکانیان دەفرۆشن و وەرزی بەهار بە نرخی گرانتر دەیکڕنەوە.
لە ساڵی 2020 تەواوی پێکهاتە سەرەکییەکانی پیشەسازیی ئالیکی ئاژەڵی لە بۆرسەی جیهانی نرخیان بەرزبووەتەوە.
محەممەد نووری، ئالیکفرۆش ئاماژە بەوە دەکات، "لە رووسیاوە ئالیک دێنم، لە سنوورەکان گومرگی زۆرمان لێ دەستێنن و لە هەرێمی کوردستانیش گومرگ دەکرێتەوە. لە ناوخۆدا هیچمان نییە و هەمووی هاوردەیە، بۆیە نرخی گرانە."
بەهای ئالیکی ئاژەڵ و دانەوێڵە بۆ ساڵەکانی 2020، 2021 و 2022:
تۆنێک ئالیکی ئاژەڵی ساڵی 2020 نرخەکەی 300 هەزار دینار بوو، 2021 بووە 700 هەزار و ئەمساڵ بە 830 هەزار دینارە.
تۆنێک جۆ ساڵی 2020 بە 270 هەزار دینار بوو، 2021 بووە 600 هەزار و ئەمساڵیش 700 هەزار دینارە.
تۆنێک گەنمی ژمارە سێ ساڵی 2020 بە 350 هەزار دینار بوو، 2021 بووە 650 هەزار و ئەمساڵ بە 730 هەزار دینارە.
2020 تۆنێک ئارد 280 هەزار بوو، 2021 بووە 610 هەزار و ئەمساڵیش 720 هەزار دینارە.
دوو فەردە کا لە 2020دا 1500 دینار بوو؛ 2021 بووە 5000دینار و ئەمساڵ بە 6000 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ