قوباد تاڵەبانی: ئەگەر ناوماڵی کوردستان یەکنەخەینەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان نامێنێت

28-12-2020
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
نیشانەکردن هەرێمی کوردستان پەرلەمانی کوردستان عێراق پرۆژەیاسای بودجەی 2021
A+ A-
رووداو - هەولێر

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پارلەمانی کوردستانی راگەیاند، لە بەغدا مووچە و مافی دارایی خەڵکی کوردستان بە سیاسی کراوە و ئەگەر خۆمان ماڵی کوردستان رێک نەخەینەوە، شتێک بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە نامێنێت.
 
 شاندی دانوستاندکاری نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی 2020ـدا سێ جار سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە. شاندەکە 4 کاژێر لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کۆبوونەوە. 
 
ئەو کۆبوونەوەیە وردەکاریی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدای تێدا خرایەڕوو. شاندەکەی حکومەت بە پەرلەمانی کوردستانی گوت کە لەگەڵ پەسندکردنی بودجەی 2021ـی عێراقدا بەبێ هیچ گرفتێک 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکەن و ئەوەی دستوور وەک ئەرکی هەرێمی کوردستانی داناوە جێبەجێی دەکەن.
 
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق رایگەیاند: "ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە رێککەوتنێکە لەسەر بودجەی 2021 کە بەشی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەشەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە هەم پێی رازیین هەم ئامادەین 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشین."
 
هەرێمی کوردستان نیوەی رێگەی بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی لەگەڵ عێراق بڕیوە، بەڵام رێگە سەختەکە ماوە کە دیار نییە کورد دەگاتە کۆتاییەکەی یاخود نا. ئەویش پەسندکردیەتی لە پەرلەمانی عێراق. بۆیە بۆ هەڵگرتنی بەربەستە سیاسییەکان ئامادەکاری بۆ چوونی شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکرێت.
 
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایەگەیاند: "هەر کاتێک پێویست بێت ئەم شاندە دەڕوات و، لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر کراوە. شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتیوانیی سیاسیی پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان هەیە."
 
لە کۆبوونەوەکەی نێوان حکومەت و پەرلەماندا هەردوو ئەگەری رێککەوتن یاخود رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا گەنگەشە کراون.
لەوانە پلانی دوای ئەگەری رێکنەکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ زیادکردنی داهات و جێبەجێکردنی چاکسازی، بە گوێرەی داهاتی بەردەستی هەرچەندێک بێت مانگانە مووچەیەک دابەش بکات.
 
هاوکات فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوەکەیان بایکۆت کرد .
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "پێمان وایە دەبوو ئەم جۆرە کۆبوونەوەیە لە هۆڵی پەرلەماندا و بە ئامادەبوونی گشت پەرلەمانتاران بێت، چونکە ئەو بابەتە گشتییە و پەیوەندیی بە هەموو هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە."
 
بڕیارە لە دەستپێکی ساڵی داهاتوودا شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و پێیان بڵێت کە دەیانەوێت دەرگای کێشە داراییەکان لەگەڵ بەغدا دابخەن ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا لێبگەڕێن؛ ئەو لایەنە سیاسییانەی لە بەردەم نوێنەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەستوور پێشێل دەکەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک لەو باڵەخانانەی بڕیارە لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان دروستبکرێن. وێنە: رووداو

لە ساڵی 2014ـەوە 300 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان تەواو نەبوون

لە پارێزگای هەڵەبجە 25 باڵەخانە بۆ کرێنشينان و کەمدەرامەتان دروستکراون، کە لە 300 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە، بڕيار بوو پرۆژەکە لە ماوەی 400 رۆژدا هەموو کارەکانی تەواو ببێت؛ بەڵام دوای سێ جار راوەستان و دەستپێکردنەوە، هێشتا کارەکانی پرۆژەکە تەواو نەکراون