رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گردبوونەوە و داوای گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر بەغدا و وەرگرتنی راستەوخۆی مووچە لە حکومەتی فیدراڵی دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024، ژمارەیەک لە مامۆستایان، بە ناوی دەستەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا گردبوونەوە و هەندێک داواکارییان لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە بۆ رای گشتی خستەڕوو.
لە گردبوونەوەکەدا، نوێنەرێکی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لە شاری کەرکووک چوار بەشی خوێندن هەیە، کوردی، عەرەبی، تورکمانی و سریانی کە جگە لە خوێندنی کوردی، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنەکانی دیکە لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵییە، ئەمە لەکاتێکدایە هەموومان خەڵکی رەسەنی شاری کەرکووکین.''
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی: ''ئێمەی کەرکووکی، هەر چۆن لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەم شارەدا بەشدارین، بە مافی رەوای خۆمانی دەزانین کە مووچەکانیشمان هەر لەم شارە بێت و وەک هاووڵاتییەکی شارەکە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت.''
چەندین داواکاری لە راگەیێندراوەکەدا خراونەتەڕوو کە لە یەکێک لە خاڵەکاندا باس لە ''گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی بۆ سەر میلاکی حکومەتی ناوەندی بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی'' کراوە.
هەروەها داوا دەکەن، ''تاوەکو گواستنەوەی راژەکانمان، داواکارین مووچەکانمان بە نیشتمانی بکرێن و بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بە (کی کارت) لە یەکێک لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین کە لە شاری کەرکووک لقیان هەیە، بدرێت.''
ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە فەرمانبەران و ماماۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە بۆ بەبانکیکردنی مووچەکانیان، فۆڕمی "هەژماری من" پڕ بکەنەوە.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا، مامۆستایانی خوێندنی کوردی داوا لە رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەکەن ''ئاوڕێکی جدی'' لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی بداتەوە ''ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە بەجێبهێنن کە ئێوە پارێزگاری هەموو کەرکووکییەکانن، بەبێ جیاوازی.''
زیاتر لە حەوت هەزار و 350 مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکووک هەن، کە مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ