یەکێتی سەردانی گۆڕان و یەکگرتوو دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەکات. هەردوو حیزبەکەش دەڵێن، ئەوان لە کابینەی داهاتووی حکومەت ئۆپۆزیسیۆن دەبن.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندی یەکێتی پێکهاتووە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایق و سالار لالە سەرحەد.
 
مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی یەکێتی کۆدەبینەوە، دیارە ئامانج لێی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
 
ئەو کارگێڕەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو گوتی: "پێشوازییان لێدەکەین و جەخت دەکەینەوە، کە ئێمە بەشداری کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکەین".
 
هەمان شاندی یەکێتی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات. دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 04:00ـی ئێوارە لە سلێمانی پێشوازی لە شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین و کۆدەبینەوە".
 
دلێر عەبدولخالق گوتی، ئەوان لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەکو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەبن و ناچنە حکومەتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا هەر دوێنی پارتی و یەکێتی بەجیا لە هەولێر و سلێمانی دەستیان بە کۆبوونەوەکان کرد؛ پارتی لە سلێمانی چوونە لای نەوەی نوێ و گۆڕان، یەکێتیش لە هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد.