دەزگای روانگە رێبەرێک بۆ مافی گەنجان لە شوێنی کارکردن دەخاتە بەردەست لایەنەکان
رووداو دیجیتاڵ
بڕوای 24 ساڵان باسی ئەو پێشێلکارییانە دەکات لە کاتی کارکردن بەرامبەری کراون، زۆریی کاتی کارکردن، پێدانی ئەرکی زیاتر بەبێ زیادکردنی مووچە بەشێک بوونە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەری کراون.
بڕوا سەربەست، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "لەو شوێنەی کارم بۆ کردووە زیاتر لە کاتی خۆی کارم کردووە، جگە لەمەش ئێشکگری و کاری زیاتریشیان پێکردووم بەبێ ئەوەی مووچەکەم زیاتر بکەن."
دەزگای روانگە رێبەری پەرەپێدانی مافەکانی لاوانی لە شوێنی کار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند. دەزگاکە دوو ساڵە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لەسەر یاسای کاری عێراقی کار دەکات. ئامانج لە پڕۆژەکەش هۆشیارکردنەوەی گەنجانە لە بەرامبەر ئەو ماف و ئەرکانەی لە شوێنی کار هەیانە.
دەزگاکە بەر لە ئامادەکردنی یاساکە راپرسییەکی لەنێو گەنجان لەسەر زانیارییەکانیان لەبارەی ئەرک و مافەکانیان لەسەر کار ئەنجامدا.
عائیشە محەممەد، رێکخەری پڕۆژەکان لە دەزگای روانگە لەوبارەیەوە دەڵێت، بەشێکی زۆری گەنجان شارەزاییان لەسەر ئەرک و مافەکانیان لەنێو یاسای کاردا نەبوو، دوای 12 دانیشتن، دووبارە راپرسییەکی دیکەمان کرد، ئەوکات بۆیان دەرکەوت لە یاساکە چ ئەرک و مافێکیان هەیە و دەبێت لەلایەن خاوەن کارەکانیان بۆیان دابین بکرێت.
روانگە 12 دانیشتنی راوێژکاری لە پارێزگاکانی بەسرە، بەغدا، ئەنبار، موسڵ، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کردووە، بۆچوونی 177 گەنجی خاوەن کار و بێکاری بۆ نووسینەوەی رێبەرەکە وەرگرتووە.
ئیختیار حاجی، نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی راگەیاند، "خاوەنکارەکان وادەزانن ئەمە سەرمایە و کاری خۆیانە و بە هەر شێوازێک بێت دەتوانن یاسا و رێسا بۆ خۆیان دابنێن و بەو شێوازە هەڵسوکەوت لەگەڵ کرێکارەکان دەکەن. کرێکارەکانیش لە ترسی لەدەستدانی کارەکانیان یان لە نەبوونی شارەزایی بێدەنگی دەنوێنن."
بڕیارە کۆتایی ئەم ساڵ، دەزگای روانگە رێبەری مافەکانی لاوان لە شوێنی کار رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و سەندیکاکانی تایبەت بە کرێکاران بکات.