وەزیرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێی پرسی کۆچبەران دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد و جەختیان لەوە کردەوە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا مێژووییە و لێکتێگەیشتنی باشیان لە نێواندا هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28.11.2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد، دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
رێبەر ئەحمەد رایگەیاند: ''کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، سەردانێکی زۆر گرنگ و لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بوو''.
لای خۆیەوە، خانمە وەزیرە بەریتانییەکە گوتی: "چەندین باندی قاچاخچی هەن کە سوود لە رێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەکان وەردەگرن، جموجۆڵی ئەو قاچاخچییانە لە باکووری فەرەنسا، ئەڵمانیا، سەرانسەری ئەورووپا، هەرێمی کوردستان و تاوەکو عێراق و دەرەوەش درێژ دەبێتەوە. هەربۆیە، هێزە ئەمنییەکان پێویستە لە سەرانسەری سنوورەکان کاربکەن."
ئیڤێت کووپەر سوپاسی لایەنی کوردی و عێراقی کرد و گوتی: "ئەمە هاوبەشییەکی گرنگی نێوان حکومەتی بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خەڵک."
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: ''هەردوولامان جەختمان لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا پەیوەندییەکی مێژوویی و دوور و درێژە و لێکتێگەیشتنی باشمان لە نێواندا هەیە.''
بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو نیگەرانییانە کراوە کە ئێستا رووبەڕووی جییهان بوونەتەوە، ''کۆچی نایاسایی یەکێکە لە نیگەرانییەکان کە وڵاتی بەریتانیاش هەیەتی و بۆ ئێمەش جێگەی گرنگی و هەستیارییە.''
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا هەموو کات یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە پشتگیریی هەرێمی کوردستانی کردووە، ''خەڵکی ئێمەی حەواندووەتەوە و بە شێوەیەکی بەردەوام پاڵپشت بووە بۆ پێشخستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.''
ئێڤێت کووپەر لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا و هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.