وەزارەتی کشتوکاڵ: نەخۆشی لەنێو بەشێک لە پەلەوەرخانەکان بڵاوبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی لەنێو پەلەوەرخانەکان بڵاوبووەتەوە. دەشڵێت لە وەزری سەرمادا نرخی مریشکی زیندوو بەرزدەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخۆشیی نیوکاسڵ لەنێو بەشێک لە پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی مرداربوونی مریشک."
رابەر محەممەد دەڵێت: "زۆربوونی نەخۆشیی نیوکاسڵ، بووەتە هۆی ئەوەی خاوەن پەلەوەرخانەکان زووتر لە کاتی خۆی مریشکەکانیان بفرۆشن، پێش ئەوەی گەورە بن تاوەکو زەرەر نەکەن."
رابەر محەممەد هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پەلەوەرخانەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "سەرپەرشتیار و خاوەنی پەلەوەرخانەکان بە شێوەیەکی زانستی مریشکەکان بەخێو ناکەن، لە کاتی سەردانیان بۆ پەلەوەرخانەکان جلی تایبەت ناپۆشن، بە ئۆتۆمبێلی تایبەت تەعقیمی مریشکەکان ناکەن."
لە وەرزی سەرمادا نرخی مریشک بەرزدەبێتەوە. رابەر محەممەد دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی لە وەرزی سەرمادا بەخێوکردنی مریشک پێویستی بە سووتەمەنی و خەرجیی زیاترە، هەندێک لە پەلەوەرخانەکان لە وەرزی زستاندا مریشک بەخێو ناکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی خستنەڕوو و، نرخەکەی بەرز دەکاتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشکی گەورە (لە 3 کیلۆ زیاتر) بە 2700 دینارە، نرخی کیلۆیەک مریشکی بچووک (لە 3 کیلۆ کەمتر) بە 2250 دینارە، بە نزیکەی 3 هەزار یان زیاتر دەگاتە دەستی خەڵک."
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە