بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەردوو مەیدانی ئاژەڵانی مهاباد دادەخرێت

28-11-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن مەیدانی ئاژەڵان مهاباد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ڤێتێرنەری شاری مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هەر دوو مەیدانی ئاژەڵانی شارەکە دادەخرێن.
 
رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، عەباس ئاغاز، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری مهاباد گوتی "بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شەلکە و دەمکولی لەنێو ئاژەڵەکانی هەردوو مەیدانی ئاژەڵانی مهاباد، کە یەکێکیان لە سنووری شارۆچکەی خەلیفانە و ئەوی دیکەیان لە گوندی ئەمیرئاوایە، تاوەکو کاتێکی نادیار دادەخرێن.''
 
بەگوتەی عەباس ئاغاز، هاوکات لەگەڵ داخستنی مەیدانەکان، پرۆسەی رشاندنی دەرمان و ڤاکسینکردنی ئاژەڵانی سنووری شاری مهاباد دەستیپێکردووە.
 
عەباس ئاغاز ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی شەلکە و دەمکولی لە سنووری شاری مهاباد، 169 هەزار و 280 سەر ئاژەڵ ڤاکسینکراون و پرۆسەکەش بەردەوامە.
 
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری مهاباد داوای لە ئاژەڵداران کرد، بە بێ مۆڵەت ئاژەڵ بۆ هیچ شوێنێک نەگوازنەوە، هەروەها رێگە نەدەن هیچ کەسێک لە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان نزیک ببێتەوە.
 
پێشتر لە سەرەتای ئەم مانگە، مەیدانی ئاژەڵانی شاری بۆکانیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەمان نەخۆشی بۆ ماوەی دوو هەفتە داخرابوو.
 
نەخۆشی شەلکە و دەمکولی، نەخۆشییەکی زۆر باوە لەنێو ئاژەڵدا و زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، تای تووند، برینداربوونی دەم و سم و پێیەکانی ئاژەڵ، هەروەها کەفکردنی دەمی ئاژەڵ لە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەن.
 
لە سنووری شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 250 هەزار سەر ئاژەڵ هەن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە