رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکات و دەڵێت: "سێ جۆر مادەی هۆشبەریان پێبووە".
سێشەممە، 28-11-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بڕێک مادەی هۆشبەریان پێبووە".
راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست هێزەكانی بەشی پۆلیسی شارەزوور لەبارەی سێ تۆمەتبارەوە كە گومان دەكرا مادەی هۆشبەریان پێبێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد و توانرا سێ تۆمەتبار دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەر لە جۆرەكانی كریستاڵ، تریاك و حەبی هۆشبەر كە بە تۆمەتباران بووە".
تۆمەتباران (ر. ن. ئـ) لەدایكبووی 2000، (ج. ج. ح.) لەدایكبووی 1999 و (پ. م. ق.) لەدایكبووی 2000 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 26 لە یاسای قەدەخەكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر راگیراون.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش "لە شاری کەلار ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر کرد."
ئاسایشی سلێمانی باس لەوەش دەکات، لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنیان، "تۆمەتباران هەوڵی هەڵاتن و رووبەڕووبونەوەی چەکدارییان دا." ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی ئاسایش "توانییان بەزووترین کات هەر سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن و یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی رووبەڕووبونەوەدا بە برینداری دەستگیرکرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ