رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، لە قوتابخانەیەکی سەنتەری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک قوتابییەک لەنێو پۆلدا بە دەمانچە دەستڕێژی گوللەی لە هاوڕێکەی کرد و کوشتی.
پۆلیسی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، "بەیانیی ئەمڕۆ پۆلیسی سێمێل لە رووداوێکی کوشتن ئاگادار کراونەتەوە. دەرکەوت قوتابییەک بە ناوی (ع. ف. ع.) هاوڕێکەی بە دەمانچە کوشتووە. تاوانلێکراو و تاوانبار هەردووکیان لەدایکبووی 2007ـن. تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
پۆلیسی دهۆک ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو قوتابییەکە هاوڕێی یەکدی بوون و پۆلی 11ی دواناوەندی بوون.
قوتابییە کوژراوەکە ناوی مستەفا فەهمی یە و تەمەنی 16 ساڵە، تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کراوە.
بەگوتەی قوتابییان رووداوەکە بە دیاریکراوی کاژێر 9:30ی بەیانی روویداوە؛ بکوژەکە لە پۆلەکەدا لە پشت کوژراوەکە دانیشتووە. قوتابییەکان لە پڕێکدا گوێیان لە دەنگی تەقە بووە، کاتێک ئاوڕیانداوەتەوە، جارێکی دیکە تەقەی کردووەتەوە و گوتوویەتی "هەرکەسێک خۆی نزیکبکاتەوە تەقەی لێدەکەم."
دواتر هاوپۆل و مامۆستاکە توانیویانە تەقەکەرەکە رابگرن و دەمانچەکەی لەدەستی دەربهێنن. دواتر تەقەلێکراوەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. دوای ئەوەی براوەتە دادپزیشکیی دهۆک، رادەستی کەسوکارەکەی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ