لە هەشت مانگدا قەبارەی هەناردەکردن لە دەروازەی میهرانەوە گەیشتووەتە 1.16 ملیار دۆلار

28-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیاری گومرکی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە ملیارێک و 169 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەی عێراق کراوە. 
 
میرئاغا عەبدی، سەرپەرشتیاری گومرکی پارێزگای ئیلام ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگدا زیاتر لە 2 ملیۆن و 44 هەزار و 512 تۆن کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووری میهرانەوە هەناردە کراوە، کە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوو 7٪ گەشەی کردووە.
 
میرئاغا عەبدی گوتی، بەهای هەناردەکردنی کەلوپەل لە هەشت مانگی رابردوودا لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە زیاتر لە یەک ملیار و 169 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بووە.
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری گومرکی ئیلام، زۆرترین ئەو شمەکانەی لەو دەروازەیەوە هەناردەی عێراق کراون، بریتیبوون لە بەرد، کاشی، ئاسن، پۆلا، بەرهەمی پترۆکیمیایی، چیمەنتۆ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، میوە و سەوزە.
 
ئاماژەشی بە قەبارەی هەناردەی ساڵی رابردوو لە رێگەی دەروازە سنووریی میهران کردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردوو هەناردەی دەروازەی سنوورییەکە زیاتر لە 3 ملیۆن و 259 هەزار تۆن کەلوپەل بایی زیاتر لە یەک ملیار و 609 ملیۆن دۆلار بوو.
 
بەگوتەی میرئاغا عەبدی، دەروازەی سنووریی میهران لە رووی ئاڵۆگوری بازرگانی و هەناردەکردنەوە لە نێو 12 دەروازەی سنووریی هاوبەش کە لە نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، لە پلەی یەکەمدایە. 
 
دەروازەی سنووریی میهران یەکێک لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، کە ساڵانە زۆرترین هەناردەی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانەوە لەو دەروازەیەوە دەکرێت.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە