لە ئامەد شەمەندەفەرێک لە ئۆتۆمبێلێکی دا و پێنج کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر لە ئامەدی باکووری کوردستان خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشا و لە ئاکامدا پێنج کەس بریندار بوون، کە دووانیان تەندروستییان ناجێگیرە.
رووداوەکە ئێوارەی دووشەممە، 27-11-2023 لە شارۆچکەی باغڵار، لە شەقامی مەرڤانی روویدا. شەمەندەفەرەکە خۆی بە ئۆتۆمبیلێکدا کێشا و نزیکەی 200 مەتر لەگەڵ خۆیدا بردی. خێزانێک لە نێو ئۆتۆمبیلێکدا بوون. شۆفێرەکە (داود بایرام) تەمەنی 44 ساڵە و لەگەڵ هاوژینەکەی و منداڵەکانی و خوشکی خێزانەکەی ویستوویانە بگەڕێنەوە ماڵەوە. لەوکاتەی پەڕیونەتەوە کە بە گوتەی شایەتحاڵان ئۆتۆمبیلەکە لە چرای سەوزدا بووە، بەڵام شەمەندەفەرەکە خۆی پێدا کێشاوە.
لە رووداوەکەدا ساڵیحە بایرام هاوژینی داود، منداڵەکانی داود؛ شاهین و ئەیلوول کە تەمەنیان 20 ساڵ و 9 ساڵە، لەگەڵ رەیحان خوشکەژنی داود (48 ساڵ) بریندار بوون.
تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە. بەگوێرەی گوتەی پزیشکان دوو لەو بریندارانە هێشتا مەترسییان لەسەرە. پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. بەهۆیەوە 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش بریندار بوون.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا، لە یەکەمین هەشت مانگی 2023 (کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی 2023) 335 هەزار و 111 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە. لە تەواوی ئەو رووداوانەدا هەزار و 946 کەس گیانیان لەدەستداوە و 234 هەزار و 688 کەسیش بریندار بوونە.