مەسرور بارزانی: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گفتوگۆی باشیان لەبارەی مووچە و بودجە هەبووە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەبارەی گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی مووچە و بودجە رایگەیاند "گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش بەردەوام دەبن.''
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) لە مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ڤان ستیل، کە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی ئاسنە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
مەسرور بارزانی رایگەیاند "شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو گرفتانەی هێشتا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ماون، لە بەغدان و بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرینی."
 
جەختیشی کردەوە "دوێنێ شاندەکە گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش درێژەی ئەم گفتوگۆیانە دەبێت... بەداخەوە بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت."
 
گوتەکانی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدان، رۆژی دووشەممە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە بەغدا بەئامانجی بەدەستهێنانی سێ مووچەی دیکە بۆ مووچەخۆران. شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تیمی حکومەتەکەی بوو، تێیدا داواکرا سێ قەرزی دیکەی 700 ملیار دینارییان پێبدەن تاوەکو ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەواوکردنی بەپەلەی رێکارەکانی خەرجکردنی دوایین 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران داوایەیەکی دیکەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەغدا.

 

 
دەقی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
 
مایەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ لێرەم و پرۆژەیەکی گرنگی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، گرووپی گەلیاوە دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە کە بە ستانداردێکی جیهانی و بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا دروستکراوە.
 
کردنەوەی ئەم کارگەیە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان و رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان، جێی دەستخۆشییە کە کارگەکە پابەندبوونی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پاراستنی ژینگە و بەردەوامی ژنینگەیی دەربڕیوە، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکی پێشکەوتوو کە دۆستی ژینگەیە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بە هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت، پلان و بەرنامەی گرنگی هەبووە بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بەتایبەت لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و پترۆکیمیا و پیشەسازی کانزاکان و دابینکردنی ماددەی خاو بۆ پیشەسازی بچووک و مامناوەند، هەروەها دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بەردی بناغەی ناوچەیەکی پیشەسازیمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانا، کردنەوەی ئەم کارگەیەش بەشێکە لە هاوکاری و هاوئاهەنگی حکومەت لەگەڵ کەرتی تایبەت، لەپێناو زیاتر پێشخستنی ژێرخانی پیشەسازی لە کوردستان.
 
بەڕێزان، وێڕای چەندین گرفت لە ساڵانی رابردوو کە چەندین جار ئاماژەمان پێداوە، لەم ماوەیەدا چەندین پڕۆژەی گەورەمان لە بوار و کەرتی جۆراوجۆردا لە کوردستان دەستپێکرد کە زۆربەیان ئێستا کەوتوونەتە کار و لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندان، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژێرخانێکی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵکی کوردستان باشتر بکەین و نەوەی داهاتووش بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
 
هیوادارین دۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئارام و سەقامگیر بێت و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بن بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامەکەی خۆمان بدەین لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری.
 
کوردستان و عێراق بە گشتی بەهۆی شەڕ و جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەوە، لە بارودۆخێکی سەختدا بوون و خەڵکەکەی لە نائارامیی و دڵەڕاوکێ و هەژاری و وێرانیدا ژیاون. ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە پەند لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرین و هاوکاری و پشتیوانی یەکتر بکەین لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان و بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان کە پێویستی بە ساڵانێکی کارکردنی بەردەوام هەیە، بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو. ئەمەش تەنیا بە ئاشتی و ئارامیی و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان دێتەدی، ئەگەر ئارەزوو و خواستی راستەقینە بۆ چارەسەریی هەبێت، بێگومان رێگەی چارەسەر زۆرن.
 
دەمەوێت پێتان رابگەیەنم کە شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو کێشانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ماون لە بەغدان، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو، بەتایبەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی. دوێنێ گفتوگۆی باشیان هەبووە، ئەمڕۆش ئەو گفتوگۆیانە درێژەیان دەبێت، بۆ دابینکردنی مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی، کە چیتر خەڵکی کوردستان باجی ئەم هەڵانە نەداتەوە کە بەداخەوە بە شێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەمە چارەسەر بکرێت، لە لایەکی دیکەش بۆ بابەتی نەوت و گاز ئێمە پێویستیمان بە داڕشتنی یاسایەکی فیدراڵی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای دەستوور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی دیکە بابەتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکەینەوە. ئەمەش هەمووی دەبێتە دەستکەوت نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی عێراق. ‌هیوادارین بە تێگەیشتنی هاوبەش زۆر شتی باشتر بکەین.
 
پێم وایە ئەوەی لە پێشمانە و ئەوەی هاوبەشە لە نێوانماندا، زۆر زیاترە لەو کێشە و گرفتانەی هەن. تەنیا ئەوەیە کە هەموو لایەک بیر لەوە بکەینەوە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەمان بخەینە سەرووی لیستی بەرنامەی کارەکانمان، هیوادارم لەگەڵ بەڕێز سوودانی و حکومەتی فیدراڵی و وەزیرەکانی ئەم کابینەیە کار و هەماهەنگی زیاتر پێکەوە بکەین و وڵاتەکەمان بەرەو قۆناخێکی باشتر ببەین.
 
دووبارە دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکاری ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم، هیوادارم کوردستانمان هەمیشە ئاوەدان بێت و ئێوەش هەر سەربەرز و سەرفرازبن.