وەزارەتی کشتوکاڵ: چوار ساڵی رابردوو 490 پرۆژەی ئاژەڵداری و پەلەوەری جێبەجێکراون

28-11-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، 490 پرۆژە لە کەرتی ئاژەڵداری و پەلەوەرییدا جێبەجێکراون، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەو ماوەیەدا پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە  255% زیادیکردووە و پرۆژەکانی بەخێوکردنی مانگای شیردەر 22% و پرۆژەی دابەستنی ئاژەڵیش 53% زیادیکردووە.
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا, 490 پرۆژە لە کەرتی سامانی ئاژەڵی و پەلەوەری لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێکراون و ئێستاش چەند پرۆژەیەکی گرنگی دیکە لە قۆناخی مۆڵەتپێداندان.
 
کەرتی پەلەوەری و بەرهەمهێنانی هێلکە 
 
بەگوتەی فیراس سدیق، لەمانگی تەمووزی 2019وە تاوەکو ئێستا ئەو پرۆژانەی لە کەرتی پەلەوەری بۆ گۆشت جێبەجێکراون 27% زیادیانکردووە و لە بەرهەمهێنانی هێلکەش 255% زیادیکردووە.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت، لە ساڵی 2019دا، هەزار و 510 پرۆژەی پەلەوەرییان هەبووە بە توانای 21 ملیۆن و 536 هەزار و 105 جوجەڵە لە هەر وەجبەیەکدا، بەڵام ئێستا ژمارەی پرۆژەکان بۆ هەزار و 908 پرۆژە، بەتوانای بەرهەمهێنانی 31 ملیۆن و 861 هەزار و 820 جوجەڵە لە هەر وەجبەیەکدا زیادی کردووە.
 
لەبارەی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بۆ خواردن، فیراس سدیق گوتی، "لە 2019ـدا، 11 پرۆژەمان هەبوون بە توانای بەرهەمهێنانی  یەک ملیار و 311 ملیۆن و 350 هەزار هێلکە لە ساڵێکدا. بەڵام ئێستا ژمارەی پرۆژەکان بوون بە 39 پرۆژە بە توانای بەرهەمهێنانی سێ ملیار و 269 ملیۆن و 735 هەزار و 500 هێلکە لە ساڵێکدا".
 
پرۆژەی دابەستە و مانگای شیردەر
 
لە ساڵی 2019دا لە هەرێمی کوردستان 73 پرۆژە هەبوون بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر کە هەشت هەزار و 239 سەر مانگای تێدا بەخێودەکرا. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێستا ژمارەی پرۆژەکان بۆ 89 پرۆژە بە توانای 15 هەزار و 359 سەر مانگا زیادی کردووە".
 
فیراس سدیق دەڵیت، لە چوار ساڵی رابردوودا ژمارەی پرۆژەکانی قەڵەوکردنی ئاژەڵ لە 65 پرۆژە بەتوانای بەرهەمهێنانی 21 هەزار و 46 سەر گوێرەکە، زیادیکردووە بۆ 103 پرۆژە و توانای بەرهەمهێنانیش گەیشتووەتە 93 هەزار و 833 سەر.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەشڵێت، ئێستا پرۆژەیەکی بەخێوکردنی سانینی هۆڵەندی لە هەڵەبجە دروستکراوە کە هەزار بزنی شیردەرە، هەروەها پرۆژەیەکی بەخێوکردنی مەڕ لە سلێمانی بە توانای بەرهەمهێنانی هەشت هەزار سەر مەڕ پێشکێش کراوە.
 
گوتیشی ئێستا پرۆژەیەکی دیکەی بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر لە دهۆک لە هەوڵی دامەزراندندایە بە توانای بەرهەمهێنانی چوار هەزار سەر مانگا و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێت.
 
کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک 27% زیادیانکردووە
 
لە ساڵی 2020وە وشکەساڵییەکی سەخت بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە بەشێوەیەک لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوتە بەر مەترسی، لە ماوەی رابردوودا، حکومەت بۆ پاڵپشتی زیاتری جووتیاران و ئاژەڵداران، باجی سەر هاوردەکردنی پێداویستی بنەڕەتی دروستکردنی ئالیکی لابرد.
 
فیراس سدیق دەڵێت، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، چوار ساڵ پێش ئێستا 34 کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک هەبوون کە توانای بەرهەمهێنانی 542 تۆنیان هەبوو لە کاژێرێکدا، بەڵام ئێستا گەیشتوونەتە 42 کارگە و توانای بەرهەمهێنانیش گەیشتووتە 952تۆن لە کاژێرێکدا.
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستاندا پێنج ملیۆن سەر مەڕ و بزن و 250 هەزار سەر گا و مانگا هەن، بەڵام فیراس سدیق دەڵێت، پێویستە ئەو ئامارە نوێبکرێتەوە، چونکە رەنگە گۆڕابێت.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، گەورەترین گرفتی ئاژەڵداران ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیانە.
 
فیراس سدیق دەڵیت، "ئێستا لە دەڤەری بارزان پرۆژەی کارگەی شیرەمەنی زووم دامەزراوە کە پاڵپشتێکی زۆر باشە بۆ ئاژەڵدارانی سنوورەکە و پرۆژەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێکراوە، ئەو پرۆژەیە 12 ناوەندی بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی شیر لە سنوورەکە داناوە، مانگانە هەر ئاژەڵدارێک چەند شیری فرۆشتبێت بە کارگەکە پارەکەی وەردەگرێت، هەوڵدەدەین ئەم ئەزموونە لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین".
 
"لەهاوردەکردنی ئاژەڵ پشکپشکێنە نەماوە"
 
رۆژی 14 نیسانی 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە لابردنی باج و رسوومانی گومرگی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
 
فیراس سدیق دەڵیت، "لە چوارچێوەی مەرجە تەندروستییەکان رێگەدەدرێت بە هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ سەربڕین، ئەو ئاژەڵانە دەبێت لەو وڵاتەی هاوردە دەکرێت کەرەنتین بکرێن و دواتر لە کوردستانیش کەرەنتین بکرێت، ئێستا هیچ پشکپشکێنەیەک لەهاوردەکردنی ئاژەڵدا نەماوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.