د. عەلی قەرەداخی: هاندەری هەڵبژاردەی قەتەر، وڵاتانی ئیسلامی و خاوەن دیموکراسیی بەهێزم

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداریی گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان دەڵێت، "قەتەر نزیکەی 200 ملیار دۆلاری بۆ ئامادەکاریی مۆندیال خەرجکردووە کە لەو بودجەیە تەنیا هەشت ملیاری بۆ دروستکردنی یاریگەکان بووە."
 
رۆژی دووشەممە 28-11-2022 د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە مۆندیالی 2022ی قەتەر کرد و گوتی، "هۆگریم بۆ تۆپی پێ هەیە و کاتێک خوێندکاری زانکۆ بووم لە قەتەر، لێپرسراوی تیپی کۆلێژەکەمان بووم. ئێستاش هاندەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی قەتەرم و بە پلەی دووەمیش هاندەری هەڵبژاردەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیم و لە رۆژئاواش هاندەری ئەو وڵاتانەم کە دیموکراسی تێیاندا بەهێزە."
 
ئەمینداری گشتی یەکێیتی زانایانی موسڵمان لەبارەی ئەو بودجەیەی بۆ ئامادەکاریی مۆندیال لە قەتەر خەرجکراوە رایگەیاند، "قەتەر نزیکەی 200 ملیار دۆلاری بۆ ئامادەکاریی ئەم مۆندیالە خەرجکردووە کە بەشی هەرەزۆری بۆ بنیاتنانی ژێرخانی وڵاتەکەیە و تەنیا هەشت ملیار دۆلاری بۆ دروستکردنی یاریگاکانی تۆپی پێ بووە."
 
د. عەلی قەرەداخی پێیوایە، "ئێستا قەتەر لەڕووی ژێرخانەوە گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و رێگەوبان و سەرجەم ژێرخانەکانی دیکەی یەکجار بەهێزە. پێش ئەو ئامادەکارییانەی بۆ مۆندیال کردی بەو جۆرە نەبوو. بۆیە ئەو خەرجییەی کراوە دوای مۆندیالیش هەر بۆ وڵاتەکە دەمێنێتەوە."
 
بە گوتەی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسڵمان، "بەشێک لەو یاریگایانەی لە قەتەر دروستکراون کاتین و بڕیارە دوای تەواوبوونی مۆندیال لاببرێن."
 
لەبارەی ئەو رێوشوێنانەی قەتەر بۆ مۆندیالی 2022 گرتوونیەتەبەر، وەکو قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان و چالاکیی هاوڕەگەزخوازان و ئەو بابەتانەی لەگەڵ یاسای وڵاتەکە ناگونجێن، د. عەلی قەرەداخی پەسنی بڕیارەکەی قەتەر دەکات و دەڵێت، "ئەو بڕیارە دڵی دوو ملیار موسڵمانی لە جیهاندا خۆشکرد."
 
ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسڵمان ئاماژە بە سوودە ئابوورییەکانی مۆندیالی قەتەر دەدات بۆ ئەو وڵاتە، هەرچەند پێی وانییە سوودەکەی هێندەی ئەو خەرجییە بێت کە بۆ ئامادەکاریی مۆندیال کراوە، بەڵام دەڵێت، "نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان ڤیزەی قەتەر دەبڕن و رۆژانە 500 فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە هاتووچۆ بە گەشتیاران دەکەن، بەڵام بابەتەکە تەنیا سوودی ئابووری نییە، بەڵکو لە ماوەی ئەم مۆندیالەدا بە دەیان وەزیری ئابووری لە وڵاتانی جیهان سەردانی قەتەریان کردووە و رێککەوتنی ئابوورییان لەگەڵ واژۆ کردوون."