بەرپرسێکی شارەوانیی سلێمانی: ئەمساڵ سێ هێندەی 2021 قیرتاومان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 300 هەزار مەتر دووجا قیرتاو کراوە کە سێ هێندەی ساڵی رابردووە. دەشڵیت، زۆرینەی ئەو قیرەی بەکاریان هێناوە لەڕێگەی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانەوە بۆیان دابینکراوە. سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەش دەڵیت، بەهۆی ئەوەی کارگەی قیریان نییە لە پارێزگای هەڵەبجە، نەیانتوانیوە قیرتاوی گەڕەکەکانی هەڵەبجە بکەن.
 
ئەندازیار توانا بەهائەدین، لێپرسراوی کارگە و ئامێرەکان لە شارەوانیی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی "بە کاتی سلێمانی"ی رادیۆی رووداو کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "ئەمساڵ لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی بارانبارین لە 17-04-2022 تاوەکو پێنجشەممەی رابردوو 24-11-2022 لە سنووری شارەوانیی سلێمانیدا نزیکەی 300 هەزار مەتر دووجا، قیرتاومان کردووە، کە 2500 تۆن قیری شل بەکارهێندراوە و لەو بڕە تەنیا 500 تۆنی لەلایەن حکومەتەوە دابینکراوە و دوو هەزار تۆنەکەی دیکەی شارەوانیی سلێمانی لەلایەن وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەتەوە دابینیکردووە."
 
لێپرسراوی کارگە و ئامێرەکان لە شارەوانیی سلێمانی گوتیشی، "ئەو قیرتاوەی لە ماوەی ساڵی 2022دا کراوە، سێ هێندەی ئەو قیرتاوەیە کە لە ساڵی 2021دا لە سلێمانی کراوە."
 
توانا بەهائەدین ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت مانگانە نزیکەی 23 هەزار لیتر گازوایلیان بۆ دابیندەکات، لە کاتێکدا ئەوان زیاتر لە 80 هەزار لیتر گازوایلیان پێویستە.
 
لەبارەی چاککردنەوەی ئەو چاڵوچۆڵیانەی لە شەقامەکاندا دروستدەبن، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، "شەقامی قیرتاوکراو ساڵانە دەبێت چاککاری تێدابکرێت، هەروەک بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا کارکردنی کارگەکانی قیر رادەگیرێن، داوای 2000 کیس [فەردە] قیری ساردمان کردووە بۆ چاککردنی ئەو چاڵانەی لە شەقامەکاندا لە وەرزی زستاندا دروستدەبن، چونکە زستانان کارگەی قیر کارناکەن و قیری گەرممان نییە."
 
سەید حەکیم سەید نەجیب، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی شارەوانیی هەڵەبجە کارگەی قیری نییە، بۆیە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیەوە هیچ شەقامێکی نێو هەڵەبجە چاکبکەن."
 
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتیشی، "هەندێک گەڕەک و کۆڵانەکانی هەڵەبجە هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ نەکراوە و ئێستا تەنیا چەند پرۆژەیەک لە کاردان، ئەوانەش بەهۆی وەرزی بارانبارینەوە پێدەچێت کارکردن تێیاندا رابگیرێن."
 
بە گوتەی سەید حەکیم سەید نەجیب، "بەهۆی ئەوەی بڕی سووتەمەنیی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، قوتابخانە هەیە داوا دەکات تێکەڵەڕێژ و چەوڕێژی رێگەی قوتابخانەکە بکەین، بەڵام ناتوانین بۆیان بکەین."
 
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، ئێستا حەوت پرۆژە هەن لە سنووری شارەوانیی هەڵەبجەدا کە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێن و دوو پرۆژەیان بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە وەستاون، هەروەک ئەو چەند پرۆژەیەی لە کاردان، لە مانگی پێنجەوە هیچ پێشینەیەکیان بۆ خەرجنەکراوە.