خالید شوانی: لە 10 رۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 کارا دەکرێتەوە

28-11-2022
سیروان عەباس
خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق
خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 دروستکراوەتەوە و لە 10 رۆژی داهاتوودا دەستبەکار دەبنەوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 28-11-2022، کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەوانەش پارتی و یەکێتی، لەبارەی چەند پرسێک لەنێویاندا داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێ، لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـە کە لە ساڵی 2014ەوە پەکیکەوتووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بە عەرەبکردنی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان دروستکردبوو و گوتیشی: "دروستکردنەوەی ئەو لیژنەیە، یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی." 
 
خالید شوانی ئاماژەی بەوە کرد: "دەبوو مانگێک دوای واژۆکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 کارابکرێتەوە، دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و تیمی حکومەت، لیژنەکە دروستکرایەوە و لە ماوەی 10 رۆژدا دەست بە کارەکانی دەکات و کارەکان دەچنەوە سەر سکەی خۆی." 
 
هەر یەک لە محەممەد شیاع سوودانی، محەممەد حەلبووسی، نووری مالیکی، عەمار حەکیم، هادی عامری، خەمیس خەنجەر، موسەننا سامەڕایی، فالح فەیاز، فوئاد حوسێن، بەنگین رێکانی، بافڵ تاڵەبانی، رەیان کلدانی، ئەحمەد ئەسەدی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانێتی پەرلەمانی عێراقە، پێکهاتووە لەو لایەنانەی زۆرترین کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بەدەستهێناوە، هاوپەیمانێتییەکە دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا و پێکدێت لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، پارتى دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانیى سەروەرى، هاوپەیمانیی عەزم، بابلیون و چەند لایەنێکی دیکە.
 
پێش کۆبوونەوەکە، عەلی غانمی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی فوراتەین کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ماڵی مام جەلال گوتی: "کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت و تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە بە کارەکانی حکومەت لە ماوەی رابردوودا، چاککردنەوەی هەڵەکان و دەستخستنە سەر نەنگییەکان. هەروەها باسی بودجەی تێدا دەکرێت کە ئێستا خەریکە رەشنووسەکەی ئامادە دەکرێت، پشکی کورد لەنێو رەشنووسەکە بایەخی پێدەدرێت، پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان باس دەکرێن، لەگەڵ تەواوکردنی کابینەکە."
 
غانمی ئاماژەی بەوە دا هەر لەو کۆبوونەوەیە باسی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکانی سەروەریی عێراق دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەکەی شاندی پارتی و یەکێتی لە پیرمام لە 17-12-2024

شاندی پارتی و یەکێتی بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک کۆدەبنەوە

ئامانج لەم زنجیرە کۆبوونەوەیەی هەردوو حیزب کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسییان بەدەستهێنا، ئامادەکردنی رەشنووسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمە.