ئاسایشی گەرمیان ماددەی هۆشبەر لەنێو خوریی قەمسەڵەدا دەدۆزێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، ئافرەتێکیان دەستگیرکردووە 16 گرام ماددەی هۆشبەری لەنێو خوریی نێو قەمسەڵەکەیدا بەشێوەیەک "شاردبوویەوە کەس هەستی پێناکات." لە ماوەی دوو هەفتەی رابردووشدا 12 کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.
رۆژی دووشەممە 29-11-2022، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەشی ماددەی هۆشبەر لە ئاسایشی کەلار سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان توانیان ئافرەتێک لەگەڵ کوڕێک کە بەنیازی ساخکردنەوەی ماددەی هۆشبەربوون لە قەزای کەلار دەستگیربکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی کەلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، توانیان لەنێو ماڵی تۆمەتبار (ش. ڕ)، تەمەن 30 ساڵ لەگەڵ تۆمەتبار (ف. م)، تەمەن 18 ساڵ، کە ئافرەتە توانرا دەستبەسەر 16 گرام ماددەی هۆشبەردا بگیرێت کە "لەنێو جلەکانی شاردبوویەوە بەشێوەیەک کە هیچ کەس هەست نەکات، بەڵام وەک هەمیشە نەتوانرا لە دەستی هێزەکانمان دەرچێت ئاشکراکرا."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ئاماژەی بەوە داوە، ئەو ئافرەتە بەپێی ماددەی 26ـی هۆشبەر لەسەر بڕیاری دادوەر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان راگیراوە.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 12 کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە:
1- (ک. ر. م) لەدایکبووی 1989
2- (ک. ق. م) لەدایکبووی 1985
3- (ت. م. ف) لەدایکبووی 1987
4- (گ. ج. م) لەدایکبووی 1988
5- (ر. ج. م) لەدایکبووی 1988
6- (ئـ. م. س) لەدایکبووی 1986
7- (ش. س. ح) لەدایکبووی 1991
8- (م. ع. ع) لەدایکبووی 1989
9- (م. ر. ك) لەدایکبووی 1984
10- (ش. ر. س) لەدایکبووی 1997
11- (ف. م. ع) لەدایکبووی 2006
12- (ب. ج. ن) لەدایکبووی 2001