رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێدانی قەرزی بانکی چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 جووتیار و خاوەن پرۆژە مامەڵەی وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵیان پێشکێش کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-11-2022 هیوا عهلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەنگاوەکانی پێدانی قەرزی بانکی بۆ جووتیاران و دەرچووانی کۆلێژە کشتوکاڵی و ڤێتێرنەرییەکان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
پێدانی قەرزی بانکی دوا بەدوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بانکی قرتاسی ئیسلامی دێت بە مەبەستی پێدانی قەرزی بانکی بۆ جووتیاران و دەرچووانی کۆلێژە کشتوکاڵی و ڤێتێرنەرییەکان بە شێوەی قیستی درێژخایەن، کە لە 15 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 100 ملیۆن دینار و بۆ پرۆژەی بچووک و مامناوەند.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە دوو مانگی رابردوودا لە سەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان 300 جووتیار و خاوەن پرۆژە مامەڵە و داواکارییان پێشکێش کردووە و 100 لەو مامەڵانە نێردراون بۆ بانکی قرتاس.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بە یەکەم جووتیار دەکات کە سوودمەند بووە لەو قەرزە و دەڵێت، جووتیارێکی دەشتی قەراج لە سنووری قەزای مەخموور بووە بەناوی محەممەد شەریف کە لە رووبەرێكی 50 دۆنمی کشتوکاڵ دەکات.
ئەو جووتیارە چل ملیۆن دیناری وەکو قەرز پێدراوە بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی راکێشانی کارەبا و چەند پێویستییەکی دیکەی کشتوکاڵ بە مەبەستی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە زەوییەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ