كوردە رزگاربووەكەی نۆكەندی ئینگلیز بۆ رووداو : پۆلیسی بەریتانیا و فەرەنسا بە هانامانەوە نەهاتن

رووداو – فەرەنسا 
 
محەممەد ئیبراهیم زادە، ئەو گەنجە تەمەن 21 ساڵەی لەگەڵ گەنجێكی دیكەی تەمەن 21 ساڵی سۆماڵی تەنیا دوو كەسن لەو بەلەمە رزگاربوون، بۆ یەكەمین جار ، وەك دەزگای میدیایی چیرۆكی نقومبوونی ئەو بەلەمەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گێڕایەوە كە لە رۆژی 24ی ئەم مانگەدا كارەساتە مرۆییەكەی بووەتە كێشەیەكی سیاسی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا. 
 
محەممەد ئیبراهیم زادە، وڵاتینامەی عێراقی هەیە و پێنج ساڵ بوو لەگەڵ دایك و باوكی و سێ خوشك و دوو برای لە شاری قەڵادزێی پارێزگای سلێمانی دەژیان. محەممەد وەك خۆی دەڵێ لە كوردستان كرێكاری دەكرد و بەمەبەستی پەیداكردنی 85 هەزار دۆلار بۆ خەرجیی چارەسەری خوشكەكەی روویكردووەتە ئەوروپا.
 
محەممەد ئیبراهیم زادە، بەر لە 45 رۆژێك چووە بێلاڕووس، لەوێشەوە چووەتە پۆڵەندا، ئینجا ئەڵمانیا و لەوێشەوە خۆی گەیاندووەتە فەرەنسا. دوو هەفتە لە جەنگەڵی كاڵاس بووە. لەنێوان كاژێر 8 بۆ 9ی شەوی 23ی نۆڤەمبەری 2021دا لەگەڵ 32 كەسی دیكە سواری بەلەمێك بووە كە پێكهاتووە لە چووپێكی گەورە و، ویستوویانە نۆكەندی 34 كیلۆمەتریی ئینگلیز دەربازبكەن و بگەنە شوێنی مەبەستیان، بەریتانیا.
 
ئەوانەی لەو بەلەمە سواربوونە خەڵكی كوردستان، سۆماڵ، ئێران، ئەفغانستان و ڤێتنام بوونە. 
 
دوای ماوەیەك لە دەستپێكردنی گەشتە قاچاخە ئاوییەكەیان، ئاو دێتە ناو بەلەمەكەیانەوە لەلای ماتۆڕەكەیەوە و بە دەست فڕێیدەدەنە دەرەوە، ئینجا كون دەبێت و لە كار دەكەوێت. كە پەیوەندی بە پۆلیسی فەرەنساوە دەكەن و شوێنەكەیان بۆ دەنێرن، پۆلیسی فەرەنسا پێیاندەڵێ ئێوە لە ئاوی بەریتانیادان و پەیوەندی بە پۆلیسی بەریتانیاوە بكەن، بەڵام پۆلیسی بەریتانیاش پێیاندەڵێ پەیوەندی بە پۆلیسی فەرەنساوە بكەن. ئەوەی بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ پۆلیسەكان دەكات گەنجێكی دەربەندیخان دەبێت، كە گەنجێكی كورد دەبێت و یەكێك دەبێت لە پێنج كەسەكەی خێزانەكەی قەزای دەربەندیخانی پارێزگای سلێمانی. 
 
بەوشێوەیە ئەو 33 كەسە لەگەڵ شۆفێری سەر ماتۆڕی بەلەمەكە كە پیاوێكی میسری دەبێت بەتەواوی دەكەونە بەر مەترسی بەكۆمەڵ مردنەوە. ئەوان تاوەكو بەیانی دەست بە بەلەمەكەوە دەگرن، كە تاوەكو ئەوكات بەشێكی هێشتا هەوای تێدا مابوو. محەممەد دەڵێ دوای 12 كاژێر مانەوە لەنێو ئاودا "دەستمان لە بەلەمەكە و ژیان بەردا". 
 
هەموو ئەو كەسانەی سواری بەلەمەكە كرابوون گیانیان لەدەستدا جگە لە خۆی و گەنجە سۆماڵییەكە، بەقسەی محەممەد 15 لەسەرنشینانی بەلەمەكە كوردبوون. دوای ئەوان دوو كەسی دیكەش لە بەلەمەكە رزگاركرابوون، بەڵام لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. 
 
تەواوی چیرۆكی ئەو بەلەمە لەو هەڤپەیڤینەدا ببینن، كە ئەمڕۆ 28ی نۆڤەمبەری 2021 لە فەرەنسا ئەنجامدراوە: 
 
رووداو: محەممەد زۆر سوپاست دەکەین، تەندروستیت باشە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: باشم لەخوا بەزیاد بێت، سەرەتا بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر سوپاس بۆ خودای گەورە کە لەنێو ئاوەکە رزگارم بوو، منیش تاکە کەسم کوردم کە لەنێو ئەو بەلەمەدا رزگارم بووە.

رووداو: تەمەنت بە تەواوەتی چەندە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: تەمەنم 21 ساڵە
 
رووداو: لە کەیەوە لە قەڵادزێ نیشتەجێن؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: دەمێکە چووینە قەڵادزێ لەوێ دەژین.

رووداو: تۆ لە کەیەوە لە کوردستان دەرچوویت؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: ماوەی مانگێک و چەند رۆژێک دەبێت لە کوردستان دەرچووم.

رووداو: بەڕێگەی بێلاڕووس کۆچت کرد؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: بەڵێ بە رێگەی بێلاڕووس دا هاتم.

رووداو: ئەو رۆژەی ئێوە دەرچوون، 23 لەسەر 24ی مانگی 11 کە چوونە ناو ئاو، لەبیرت ماوە کاژێر چەندبوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: دونیا تاریک بوو، بە پاس ئێمەیان بردە سەر ئاوەکە، دواتر سواری چووپێک بووین، بەڵام دروست نازانم کاژێر چەند بوو، بە دیاریکراوی بیرم نەماوە لە کاژێر چەند دەرچووین. بەڵام دونیا تاریک بوو لە دەوروبەری کاژێر 7 بۆ 8 دەبوو کە چووینە سەر ئاوەکە، نیو کاژێرێکیش لەوێ دواکەوتین و دواتر بەڕێکەوتین.

رووداو: ئەوانەی بە پاس چووبوون هەموویان سواری بەلەمەکە بوون؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: بەڵێ.

رووداو: لە هیچ شوێنێکی دیکە خەڵک نەهات بۆ ئەوەی سواری بەلەمەکە ببێت؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: نەخێر، بە پاسێک بووین ژمارەمان 33 کەس بوو.

رووداو: لە هەندێک شوێن دەڵێن 31 کەس بوون، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا دیارە 27 کەس گیانیان لەدەستداوە، 2 کەسیش رزگار بوون. تۆ و کەسێکی دیکەی خەڵکی سۆماڵ. کەواتە هەندێک کەسی دیکە ماون؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: بەڵێ هەندێک کەسی دیکە ماون، کاتێک کە سواری بەلەمەکەیان کردین ژمارەمان 33 کەس بوو، ئەوکات گوتیان کە ئەوەی حەزناکات با لە چووپەکە دابەزێت، بەڵام هەر 33 کەسەکە بەڵێنیاندا کە سواری بەلەمەکە بن.

رووداو: ئەو 33 کەسە چەندی لەناو بەلەمەکە ما کە دواتر بەرگەیان نەگرت؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: تاوەکو دەرکەوتنی رۆژ هەمووی بەرگەی گرت، دواتر بەرگریان نەما، کە دونیا رووناک بووەوە و بەرگەیان نەگرت و دەستیان لە ژیان بەردا.

رووداو: دوای چەند کاژێر بەلەمەکە ژێر ئاو کەوت و ئێوە کەوتنە نێو ئاوەکە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: ئێمە لە شەوەوە لەنێو ئاودا بووین، بەڵام دەستمان بە بەلەمەکەوە بوو کەسمان نەخنکابوو.

رووداو: رووداوەکە چۆن بوو، بەلەمەکە چۆن نقوومبوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: سەرەتا لەلای ماتۆڕی بەلەمەکەوە ئاو دەهات ناوەوە و دواتر ئاوەکەمان بەتاڵ دەکرد، پاشان باخیرەیەکمان بینی و ویستمان بچین بەرەو رووی، بەڵام گوتیان کە نابێت بچین بۆ ئەوێ و دەبێت ئەمشەو ئێمە بگەینە خاکی بەریتانیا. دواتر باخیرەکە نەما و ئێمە بە تەنیا لە ئاوەکەدا ماینەوە. پاشان هەوای بەلەمە دابەزی، پەمپێکی هەوا هەبوو کە چەند کەسێک هەوایان تێدەکرد و هەندێکی دیکەش ئاوی بەلەمەکەیان بەتاڵ دەکرد.

باش ماوەیەک رۆیشتین تەلەفۆنمان بۆ پۆلیسی فەرەنسا کرد بۆ ئەوەی بە هەنامانەوە بێت، چونکە پەمپی هەواکە خراپ بوو، دواتر پۆلیسی فەرەنسا لۆکەیشینی بۆ ناردین و پێی گوتین کە ئێوە لە ئاوی بەریتانیادان. ئێمە لەنێو ئاوی بەریتانیا بووین و تەلەفۆنمان بۆ پۆلیسی بەریتانیا کرد ئەوانیش دەیانگوت پەیوەندی بکەن بە پۆلیسی فەرەنسا، دوو کەس تەلەفۆنی دەکرد یەکێکیان بۆ پۆلیسی فەرەنسا ئەوەی دیکە بۆ بەریتانیا. بەڵام پۆلیسی فەرەنسا و بەریتانیا بە هانامانەوە نەدەهاتن.

دواتر کە ئێمە وەردە وردە نوقووم دەبووین، نەفەرەکان بێهیوابوون و وازیان هێنا. دواتر بە شەپۆلی ئاوەکە هاتینەوە نێو ئاوی فەرەنسا و بەلەمەکەش ئەوکاتە نوقوومی ئاو بوو، هەموو نەفەرەکان کەوتنە نێو ئاوەکەوە، دواتر دەستمان بە چووپەکە گرت بۆ ئەوەی نوقووم نەبین و هەریەکێک لە ئێمە دەستی ئەوەی دیکەی دەگرت بۆ ئەوەی نوقووم نەبێت و نەخنکێت. دواتر بۆ بەرەبەیان هەموویان توانایان نەماو و دەستیان لە بەلەمەکە و دەستیان لە ژیانی خۆیان بەردا.

رووداو: تۆش دەستت بە بەلەمەکەوە گرتبوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: من تا دواهەمین سات دەستم بە بەلەمەکەوە گرتبوو.

رووداو: تاوەکو ئێستا دیار نییە چەندی لەوانەی لەنێو بەلەمەکەدا بوونە کورد بوونە و خەڵکی کوێ بوونە. تۆ دەزانی چەند لەوانە کورد بوون؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: نزیکەی 15 کەس کورد بووین.

رووداو: ئەو کوردانەی لەوێ بوون لە زارەوەکەیانەوە دەتزانی خەڵکی کوێن؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: ئەوانەی لەگەڵمان بوون بەزۆری خەڵکی بیتوێن و پشدەر بوون.

رووداو: کەس هەبوو کە هاوڕێی تۆبێت و پێکەوە سواری بەلەمەکە بووبن و ئێستا ئەو لەژیاندا نەماوە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: کوڕێکی رانیە لەگەڵ مندا بوو و گوتی توخوا با یەکدی بەجێنەهێڵێن. ئەوکات دەستم گرتبوو گوتی توخوا دەستم بەردە، منیش گوتم دەستت بەرنادەم، دواتر گوتی دەچمە پێش تۆ و ئەوەبوو کە نەمبینییەوە و خنکا.

رووداو: دەتوانی پێمان بڵێی ناوەکەی چبوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: ناوەکەیم بیر نایێت.

رووداو: لە تەمەنی تۆدابوو، یان گەورەتربوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: لە تەمەنی مندابوو. وێنەکەیشم بە خنکاوی بینی کە پیشانیاندام. پۆلیس هەندێک وێنەی پیشاندام، ئەوم ناسییەوە گوتم ئەوە خەڵکی دەڤەری رانیەیە.

رووداو: لەبیرتە چەند ژن لەنێو بەلەمەکدا بوون؟
 
محەممەد ئیبراهیم زادە: لەبیرم نییە، بەڵام خێزانی زۆرمان لەگەڵ بوو، ژنمان زۆر لەگەڵدا دابوو.
 
رووداو: ئەو خەڵکانەی دیکە کە لەگەڵ ئێوە بوون، نزیکەی 18 کەسێک ئەوان خەڵکی کوێ بوون؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: چوار پێنجێکیان سۆماڵی بوون، چواریان خەڵکی رۆژهەڵات بوون بە فارسی قسەیان دەکرد، یەک ڤێتنامی دوو میسریشمان لەگەڵدا بوون، چوارەکەی دیکە نازانم خەڵکی کوێ بوون.

رووداو: لەنێو بەلەمەکە منداڵ هەبوون؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: منداڵێکی سێ بۆ چوار ساڵمان لەگەڵدابوو. 

رووداو: دەگوترێت 3 بۆ چوا منداڵی 10 هەتا 12 ساڵیش لەنێو بەلەمەکەدا بوونە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: نازانم، من بەس ئەو منداڵە کوردەم بینی کە تەمەنی 3 بۆ 4 ساڵ دەبوو.

رووداو: هیچ ژنێکی گەنج لەگەڵ ئێوە بوو کە هاوژینەکەی یان برایەکی لەگەڵ نەبێت؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: بەڵێ لەگەڵمان بوون، ژن و مێردمان لەگەڵ بوو و هەشبوو کە هاوژینەی لەگەڵ نەبوو.

رووداو وێنەی چەند کەسێکی پیشانی محەممەد دا، یەکێک لەوانە ئەو ژنە دەستگیراندارەبوو کە هەواڵی خنکانی بڵاوکراوەتەوە و لە محەممەد دەپرسێت، ئەو خانمە لەگەڵ ئێوەبوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: ئەو خانمە نازانم لەگەڵ ئێمە بووە یان نا.

رووداو وێنەی خێزانێکی خەڵکی دەربەندیخان کە دایکێک و سێ منداڵن پیشانی محەممەد دا و لێی پرسی کە لەگەڵیان بووە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: بەڵێ ئەوانەش لەگەڵ ئێمە بوون. ئەوەش کچە بچووکەکە بوو. هەر ئەو خانمەبوو قسەی لەگەڵ پۆلیسی بەریتانیا و فەرەنساش دەکرد.

رووداو: چەند لە لە جەنگەڵی فەرەنسا مانەوە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: نزیکەی 8 بۆ 10 رۆژ.

رووداو: هۆکاری چوونت بۆ بەریتانیا چی بوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: چارەسەری خوشکەکەم بوو کە نەخۆشییەکی هەیە و پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە. تەنیا لەبەرئەوە ویستم بچم بۆ بەریتانیا. نزیکەی شەش بۆ حەوت دەفتەر دۆلاری پێویستە، بەڵام کەس نەبوو هاوکاری ئێمە بکات بۆ ئەوەی بیبەین بۆ هیندستان.
 
رووداو: دایک و باوکت ئێستا لە قەڵادزێن؟
 
محەممەد ئیبراهیم زادە: بەڵێ.

رووداو: چەند خوشک و بران؟
 
 محەممەد ئیبراهیم زادە: 3 خوشک و 2 براین لەگەڵ دایک و باوکم.

رووداو: لە کوردستان هیچ کارێکت نەدەکرد؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: کرێکاریم دەکرد

رووداو: بەنیازی چیت دوای ئەوەی لەو کارەساتە رزگارت بوو؟ دەتەوێت لەکوێ بژیت؟ ئامادەی جارێکی دیکە خۆت لە دەریا بدەی و بچیتە بەریتانیا؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: ئەگەر بەریتانیا خۆی بێتە سەرخەت و بمبات بۆ ئەوێ زۆر باشە، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو خوشکەم بکەم، یان کەسێک یارمەتی ئەو خوشکەم بدات منیش دەگەڕێمەوە لای دایک و باوکم. بەڵام دەبوو بەریتانیا بهاتبایە سەر خەت و ئێمەی گەیاندبایە لای خۆی، چونکە ئێمە لە ئاوی بەریتانیا خنکاین، نە بەهانامانەوە هات، نە هیچ شتێکی بۆ کردین. ژیانیشم لە مەترسیدایە و قاچاخچییەکان هەڕەشەم لێدەکەن و دەڵێن و بتگرین دەتکوژین.

رووداو: پێشتر نەتدەویست باسی قاچاخچییەکان بکەی بۆیە پرسیارم لێ نەکردی، ئێستا دەپرسم کە ئەو قاچاخچیانە کێ بوون؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: ئێمە شەش بۆ حەوت قاچاخچیمان گۆڕیوە، بە تەلەفۆن ئەو دەست و ئەو دەستیان پێدەکردین، مۆبایلەکەیشم لەنێو ئاو سووتا هیچی تێدا نەمابوو. پۆلیسیش هیچی پێ نەبیندرایەوە لەنێو مۆبایلەکانمان.

رووداو: واتە ئێوە نازانن قاچاخچییەکان کێن؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: نازانین قاچاخچییەکان کێن.

رووداو: بۆچی مەترسی لەسەر ژیانت هەیە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: من و ئەو کوڕە سۆماڵییەی رزگارمان بووە، قاچاچییەکان دەڵێن دەتانکوژین و ناهێڵین زیندوو بن. ناشزانم هۆکارەکەی چییە؟

رووداو: ئێوە ناوی قاچاخچیتان بە پۆلیس داوە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: نازانین ناوی قاچاخچییەکان چییە بۆ ئەوەی بیدەینە پۆلیس. ئێستا دەڵێن هەڕەشەتان لەسەرە، تەلەفۆنمان بۆ کراوە دەڵێن هەڕەشەتان لەسەرە و نابێت بۆ یەک شوێنیش بچن، دەڵێن دەبێت لە شوێنێکی ئەمین بن. ئێمەش چاوەڕێین شتێکمان بۆ بکرێت.

رووداو: ئەو کەسەی کە شۆفێری بەلەمەکەی دەکرد کێ بوو؟ کورد بوو؟ خەڵکی کوێ بوو؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: شۆفێری بەلەمە چووپەکە میسری بوو، تۆزێک تەمەنی هەبووە، بەڵام تەرمی ئەو نەبینراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئێمەبوو ئەو مردووە.

رووداو: پێشتر مامەڵەتان لەگەڵ قاچاخچییەکان بڕاندبووەوە یان کاتێک چوونە دانکیخ؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: کە چووینە دانکیخ لەوێ دەستاو دەستیان پێکردن بۆ ئەوەی ناوی قاچاخچییەکان نەزانین.

رووداو: دوایین بڕیارت ئەوەیە بچیە بەریتانیا یان بگەڕێیەوە؟

محەممەد ئیبراهیم زادە: دوایین بڕیارم ئەوەیە کە بچمە بەریتانیا، ئەمەش لەپێناو خوشکەکەم ئامادەم گیانی خۆم ببەخشم.