باشووری کوردستان گەرمترین مژاری کۆبوونەوەکەی KNK بوو

 رووداو - هەولێر

ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بڕیاریاندا بە پێکهێنانی 3 لیژنە بۆ ئەوەی بچنە قەندیل، شنگال و خوورماتوو. دوای کۆبوونەوەیان لە بارەگای حزبی زەحمەتکێشان لە هەولێر.

نیلۆفەر كۆچ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاند، ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە پارچەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە دژی کورد کاردەکات، بۆیە پێویستە لایەنە کوردییەکان کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان بە دیالۆگ چارەسەربکەن.

یەکەم کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کەنەکە بائامادەبوونی هاوسەرۆکی کەنەکە و نوێنەری نەتەوەی  ئاشووری، کوردانی کاکەکی، کوردانی ئێزدی و سابیئی لە هەولێر ئەنجامدرا، مەبەستی کۆبوونەوەکەی ئەندامانی باشووری کوردستانی کەنەکە بۆ قسەکردنە لەسەر بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی گشتی کەنەکە و ئەرک و راسپاردەکانی ئەندامانی کەنەکە لە باشووری کوردستان.

لەم کۆبوونەوەیەدا باسی باردۆخی هەرچوار پارچەی کوردستان کرا، بەڵام پرسەگەرمەکە بارودۆخی سیاسی باشووری کوردستان بوو، ئەندامانی کەنەکە بڕیاریاندا کەنەکە رۆڵی خۆی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە باشووری کوردستاندا. 

بەستنی کۆنگرەی گشتی نەتەوەیی کورد یەکێکی دیکەبوو لە مژارەکانی ناو کۆبووەنەکە، کۆنگرەیەک کە تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە نەتوانراوە ببەسترێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە  24ی ئایاری 1999 لە گوتبێژێکی گشتی بە ئامادە بوونی 700 نوێنەر و میوانی کورد و بیانی لە هۆڵەندا وەکو دامەزراوەیەکی سیاسی لە سەر دەستپێشخەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیەنرا، ئەو پارتانەی باشووری کوردستان کە ئەندامی کەنەکەن بریتین لە سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، زەحمەتکێشانی کوردستان، بەیت نەهرێن، ئایندەی کوردستان، رزگاری کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.