کۆمیسیۆن بۆ رووداو: بە ئەگەری زۆرەوە چوارشەممە ئەنجامی هەڵبژاردن رادەگەیێنین

28-10-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 'ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی کوردستان رادەگەیێنین.' سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنیش دەڵێ "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، رۆژی چوارشەممە دەبێت."
 
سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چەند رۆژێکە لە هەولێرن بۆ جیاکردنەوەی تەواوی دەنگەکان و، ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی.
 
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر رادەگەیێندرێت.
 
هاوکات جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت "بە دڵنیاییەوە ئەم هەفتەیە ئەنجامەکە رادەگەیێندرێت."
 
لەبارەی رۆژی راگەیاندنەکە، مەروان محەممەد گوتی "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، دەکەوێتە رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی یەکەم."
 
سەبارەت بە تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن زانا عوسمان، ئەندامی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی گوت "ئەو بەربژێر و لایەنانەی گلەییان لە ئەنجامی دەنگدان هەیە، دەتوانن دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تانە لە ئەنجامەکە بدەن، کە ماوەی سێ رۆژیان لەبەردەست دەبێت بۆ ئەو کارە."
 
رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت و لە 20ـی هەمان مانگیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
له 21ـی مانگدا کۆمیسیۆن ئەنجامە بەراییەکانی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەنجامەکە دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، کە دوو ملیۆن 87 هەزار و 972 کەسیان دەنگییان داوە، واتا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان 72٪ بووە.
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت: 
 
پارتی: 39 کورسی
یەکێتی: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتوو: 7 کورسی
رەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەری: 3 کورسی
بەرەی گەل: دوو کورسی
گۆڕان: یەک کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: یەک کورسی
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان بەشێکی زۆری حیزب و بەربژێرە سەربەخۆکان رەخنەیان لە پرۆسە و ئەنجامەکەی گرت و دەڵێن "ساختەکاری" کراوە.
 
کۆمەڵی دادگەری وەکو یەکەم حیزبی گلەییکار کە 3 کورسی بەدەستهێناوە؛ بڕیاری دا پەرلەمانتارە دەرچووەکانی نەنێرێتە ئەم خولەی پەرلەمان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە قەزای شنگالەوە. وێنە: رووداو

سەرژمێرى لە هەندێک ناوچەى کێشە لەسەرى نەینەوا دواکەوتووە

بەهۆى دواکەوتنى ئامادەکارییەکان و کەمى تیمەکان، سەرژمێرى لە چەند گوندێکى ناوچە کوردستانییەکانى پارێزگاى نەینەوا تەواو نەبووە. لە قەزاى شێخان بۆ 900 خێزان یەک بژمێر دانراوە، ئەوە لە کاتێکدا پارێزگارى نەینەوا دەڵێت: "سەرژمێرى خێزانەکان 100% تەواو بووە و تەنیا ناردنی زانیارییەکان ماوە".