ژمارەیەک لە خاوەن موەلیدەکانی هەولێر دژی راگەیاندنی 'پڕۆژەی رووناکی' گردبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر دەڵێت، ئەگەر کارەبای نیشتمانی بکرێتە 24 کاژێری، زیاتر لە 10 هەزار کەس بێکار دەبن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''داوا دەکەین لانیکەم خشتەیەکی چەند کاژێری بۆ کارپێکردنی موەلیدە تایبەتەکان دیاری بکرێت.'' 
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-10-2024) ژمارەیەک لە خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری دژی راگەیاندنی 'پڕۆژەی رووناکی' کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندراوە، گردبوونەوە.
 
نەسرەت کاکەمین جەبار، نوێنەرێکی خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوێکی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە، ''چەند ساڵە بەردەوام گوێبیستی رێنماییەکان و ئیجبارکردنی لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت بووین بۆ دروستکردنی بینای نوێ، بێدەنگکردنی موەلیدەکان و نەهێشتنی دووکەڵ. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دڵنیایان کردینەوە لە مانەوەی موەلیدەکانمان.''
 
نەسەرت کاکەمین گوتی، ''ئێستا بەبێ لەبەرچاوگرتنی زیانی خاوەن موەلیدەکان و رەنجی چەند ساڵەمان، بڕیاری نەهێشتنی موەلیدە ئەهلییەکان دراوە.'' 
 
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی خاوەن موەلیدە تایبەتەکان، ''بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی، زیاتر لە 10 هەزار خێزانی خاوەن موەلیدەکان، کارپێکەرەکانی موەلیدە، کارەباچی، فیتەر و گازفرۆش برسی و بێکار دەبن.''
 
خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری داوا لە حکومەت دەکەن ''لانیکەم خشتەیەکی چەند کاژێری بۆ کارپێکردنی موەلیدەکان دابنرێت یان جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ چەند ساڵ دوابخرێت بۆ ئەوەی بتوانین قەرزە کەڵەکەبووەکانمان بگەڕێنینەوە کە بەهۆی گوشاری حکومەت پێیان ناچار بووین.'' 
 
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانێکی بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، پڕۆژەیەکی بەناوی (پڕۆژەی رووناکی) راگەیاند. ئامانج لە پڕۆژەکە "دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانییە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان."
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.