ئاسایشی هەولێر: کۆمپانیایەک هەزاران باتریی ئۆتۆمبێلی ساختە کردووە و دەستمان بەسەردا گرت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
بەشێک لەو باترییە ساختانەی دەستیان بەسەردا گیراوە
بەشێک لەو باترییە ساختانەی دەستیان بەسەردا گیراوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دەستیان بەسەر کۆمپانیایەکی ساختەکردنی باتریی ئۆتۆمبێلدا گرتووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دواى بەدەستگەیشتنى زانیارى و بەڵگە و چاودێریکردنی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری، لەسەر کۆمپانیای (Real King) بۆ فرۆشتنی باتریی ئۆتۆمبێل، "دەرکەوت کۆمپانیای ناوبراو باتریی ئۆتۆمبێل لە وڵاتی ئێران و تورکیا هاوردە دەکات، دواتر باترییەکان لەناو کۆگایەک لەنزیک شاری هەولێر بە ستیکەری کۆمپانیاکانی دیکە دەستکاری و ساختە دەکات."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "کۆمپانیاکە ژمارەی ئەمپێرەکانی سەر باترییەکان زیاد دەکات و باترییەکان لە (25 - 30) ئەمپێری کراوەتە (60) ئەمپێری و زیاتر لە 20 هەزار دانەی ئەم باترییانەی لەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساخکردووەتەوە."
 
خاوەن کۆمپانیاکە ناوی (ک. و. ج)ە و کرێکارێکی بیانی بەناوی (ڤ. چ. چ) کە دەستیان لەم ساختەکارییەدا هەبووە، دەستگیر کراون، هەروەها دەست بەسەر 11 هەزار باتریدا گیراوە.
 
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامى پێشکێشکردنى زانیاری و بەڵگەکان بۆ دادوەرى لێکۆڵینەوەى ئاسایش، فەرمانى دەستگیرکردن و گرتنەبەرى رێکارە یاساییەکان دەرچووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە