نرخی نەوت نزیکەی 5 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بە تەنیا ئەمڕۆ نەوت زیاتر لە 6٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 4 دۆلار و 80 سەنت، یاخود 6.31٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 71 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 4 دۆلار و 78 سەنت، یاخود 6.7٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 67 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی نەوتە لە دەستپێکی ئەم مانگەوە.
نرخی نەوت هەفتەی رابردوو 4٪ بەرزببووەوە بەهۆی ناڕوونییەکانی پەیوەست بە شێوازی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، بەڵام هێرشەکەی رۆژی شەممەی ئیسرائیل، دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانی نەکردە ئامانج.
بەو پێیەش شارەزایانی وزە پێیانوایە مەترسی پچڕانی گواستنەوەی نەوت بەهۆی پێکدادانی زیاتری نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بازاڕی نەوتدا نەماوە.
ساول کاڤۆنیج، شرۆڤەکاری وزە کە سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێم ئێس تی مارکیوە لە سیدنی دەڵێت: "سنوورداربوونی بازنەی هێرشەکانی ئیسرائیل، هیوای دروستکردووە کە لە داهاتوودا گرژییەکان بەرەو خاوبوونەوە بڕۆن و، مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە بازاڕی نەوتدا کەم ببنەوە."
جۆنس ئیڤانس، شارەزای بازاڕی نەوت لە دامەزراوەی PVM دەڵێت، گومان لەوەدا نییە کە هێرشەکەی ئیسرائیل کاریگەریی زۆری ئیدارەی بایدنی لەسەر بووە بەوەی نەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
ئێستا زۆرینەی بازرگان و وەبەرهێنەرانی بازاڕی نەوت لەو بڕوایەدان گرژییە جیۆسیاسییەکان بەرەو هێوربوونەوە بچن.
ئێستا بەشێکی سەرنجەکان لەسەر کۆبوونەوەی گرووپی ئۆپێک پڵەسن لە 1ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، بەتایبەتیش کە ئەگەر هەیە گرووپەکە بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات.