نرخی نەوتی ماڵان بەرزبووەتەوە و خواست لەسەر وەرگرتنی نەوتی حکومی زیادیکردووە

28-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و دابەشکردنی نەوتی حکومیش بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 400 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 155 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە؛ لە دهۆک نزیکەی 80 هەزار خێزان و لە هەولێریش 175 هەزار خێزان.
 
نرخی نەوتی بازرگانی بەرزبووەتەوە
 
نرخی نەوتی بازرگانی لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما بەرزبووەوە. عەلی فوئاد، فرۆشیاری نەوت لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نەوتی بێجی زۆر باش بەرمیلی بە 170 هەزار دینارە."
 
لە هەولێریش نرخ بەرزبووەتەوە. سەرباز کەریم، گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرمیلێک نەوت بە کۆ 158 هەزار دینارە و بە نزیکەی 175 هەزار دینار دەگاتە هاونیشتمانیان.
 
خواست لەسەر نەوتی حکومی زیاتر بووە
 
سەرەتای ئەم وەرزە کە دابەشکردنی نەوتی حکومی دەستیپێکرد، بەشێکی هاونیشتمانیان رەتیانکردەوە نەوتەکە وەربگرن و رایانگەیاند، نرخەکەی بەرزە و نایانەوێت، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی دابەشکردنی نەوت بۆ رووداو، "ئێستا هیچ کەسێک وەرگرتنی نەوت رەتناکاتەوە."
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ دەستپێکردنی سەرمادا خواست لەسەر نەوت زیاتربووە. ئێمەش بەگوێرەی ئەو خواستە تیمەکانمان زیاترکردوون و دابەشکردن فراوانتر بووە."
 
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکە بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە، نزیکەی 80 هەزار خێزان یەکی بەرمیلێک نەوتیان وەرگرتووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سنووری پارێزگای هەولێر جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 130 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
 
هەر ئەمڕۆ ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 45 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە و دابەشکردن بەردەوامە."
 
شاندەری گوتی، "دابەشکردن بەردەوامە و هەموو خێزانێکیش خواستی لەسەر وەرگرتنی نەوت هەیە، بەتایبەت کە پلەی گەرما زیاتر دابەزیوە."
 
سلێمانی و هەڵەبجە: 155 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە
 
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەشکردنی نەوت بەردەوامە. بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی سووتەمەنی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردن لە نێوشار و دەرەوەی شار بەردەوامە و ئەمڕۆ لە گەڕەکی مامۆستایان کە مەڵبەندی پێنجە نەوت دابەش دەکرێت."
 
تاوەکو ئەمڕۆ لە هەردوو سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 155 هەزار خێزاندا دابەشکراوە. دابەشکردنی نەوت لە هەڵەبجەش بەردەوامە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 343 هەزار و 553 خێزان هەن و یەکی بەرمیلێک نەوت وەربگرن، پێویستیان بە 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر دەبێت.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە، تاوەکو 24ـی ئەم مانگە 373 هەزار و 426 خێزان نەوتیان پێدراوە.
 
نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و بەرمیلی 100 هەزار دینارە و سێ هەزار بۆ کرێ و هەزار دیناریشی بۆ کارتی زیرەک دەچێتەسەر و بە 104 هەزار دینار دەگاتە هاونیشتمانییان.
 
بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت تاوەکو 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بوو و لە هەولێر 153 هەزار و 422 خێزان، دهۆک 77 هەزار و 899 خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 120 هەزار و 200 خێزان بەشە نەوتیان وەرگرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە