زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین کارگوزاریان نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆی 392 ناوەندی خوێندن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە نیوەیان کارگوزاریان نییە. بەشێکی قوتابخانەکان لەسەر ئەرکی خۆیان کارگوزاریان گرتووە. بەڕێوەبەری پەروەردەی راپەڕین دەڵێت، هەوڵدەدەن لە رێگەی کۆمپانیاوە چارەسەری کێشەکە بکەن. 
 
لەکۆی هەموو قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکانی پشدەر و رانیە لە ئیدارەی راپەڕین تەنیا 194 کارگوزار و 85 چاودێری باخچە هەن. بەشێکی قوتابخانەکان لەسەر ئەرکی خۆیان کارگوزاریان بە کرێ گرتووە.
 
ئەسکەندەر مەحموود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی قەڵادزێیە لە سنووری پەروەردەی پشدەر، بە رووداوی گوت: "قوتابخانەکەمان سێ دەوامییە و کارگوزارمان لەسەر ئەرکی خۆمان بە کرێ گرتووە."
 
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دوو بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە هەن، پشدەر و رانیە، بەشێکی قوتابخانەکانی سنووری رانیەش کارگوزاریان بە کرێ گرتووە. 
 
 
رەوەند حەسەن، مامۆستایە لە قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "قوتابخانەکەمان دوو دەوامی تێدا دەکرێت. 1300 قوتابی تێیدا دەخوێنن، کارگوزارێکمان بە کرێ گرتووە و مانگانە لە مووچەی مامۆستاکان دەبڕدرێت و دەدرێتە کارگوزارەکە."
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە سنووری راپەڕین بەدواداچوونی بۆ کێشەکە لەنێو بەشێکی قوتابخانەکانی ئەو سنوورە کردووە و دەرکەوتووە بەشێکی قوتابیان رۆژانە خۆیان قوتابخانەکەیان پاکدەکەنەوە. 
 
محەممەد ئەحمەد، قوتابی تەمەن 10 ساڵ لە قۆناخی چواری بنەڕەتیی قوتابخانەی رۆژهەڵات لە حاجیاوا، بە رووداوی گوت: ''ئێمە وەک لیژنە قوتابخانەکەمان و پۆلەکان پاک دەکەینەوە، کارگوزارمان نییە، 44 قوتابین لەپۆلێک خۆمان پاکی دەکەینەوە."
 
لەپاڵ گرفتی نەبوونی کارگوزار، ژمارەی زۆری قوتابیان لەپۆلێکدا و خراپی و کۆنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە گرفتە بەرچاوەکانن. 
 
موسڵیح عەبدولڕەحمان، مامۆستایە لە سنوورەکە، بە رووداوی گوت: ''قوتابییەکان بەسەریەکدا دەکەون، رۆژانە لوتیان دەپرژێ، دەست و قاچ و سەریان بریندار دەبێت، بەهۆی زۆری قوتابیەکان نەخۆشی بڵاوبووەتەوە.''
 
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین، لە بەرپرسیار هۆکاری کێشەکەی بۆ دانەمەزراندن لە دوای قەیرانی دارایی گەڕاندەوە. شۆڕش عەزیز، گوتی: "148 قوتابخانە کارگوزار، باخەوان و پاسەوانی نییە. ساڵانە بە نووسراو ئاگادارکردنەوە و پێویستییەکان بۆ سەرووی خۆمان دەنێرین. ئێستا ئێمە سیستمی بنیاتنانی تواناکان پەیڕەو دەکەین. ساڵانە بۆشایی لە کارگوزار دروستدەبێت و دەبێت لە وەزارەت بپرسن بۆچی دامەزراندن نییە. لە باخچەکانیش کێشەی کەمیی چاودێرمان هەیە، ئەمانە کێشەی گەورەن."
 
بە گوتەی شۆڕش عەزیز، نەبوونی باڵەخانە هۆکاری قەرەبالخیی پۆلەکانن. "تاوەکو پار بەشێکی قوتابخانەکانمان سێ دەوامی بوون، سێ دەوامیمان نەماوە بەڵام کە کراوەتە دوو دەوامی 40 تاوەکو 45 قوتابی لە یەک پۆلن. نەبوونی بینا کێشەیەکی گەورەیە و زۆربەی بیناکانمان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە. ناچارین ئەو گوشارەمان لەسەر پۆلەکان دروستکرد چونکە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە دەبوو سێ دەوامی نەهێڵێن. کێشەی کەمی مامۆستاشمان هەیە، 38 پۆلمان بەهۆی نەبوونی مامۆستاوە وەستاون."
 
سنووری پەروەردەی پشدەر هاوشێوەی پەروەردەی رانیە، هەمان کێشەی کەمیی کارگوزار و کەمی باڵەخانەی خوێندنیان هەیە. مەحموود حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر، لە بەرپرسیار، گوتی: "لە کۆی 174 ناوەندی خوێندن، ژمارەی کارگوزار، چاودێر و پاسەوان ناگاتە 90 کەس، لە 2014ـەوە تاوەکو ئیستا هیچ پاسەوان یان کارگوزارێک دانەمەزراوە. زۆربەی قوتابخانەکانی سنوورەکەمان لەسەر ئەرکی خۆیان کارگوزاریان بە کرێ گرتووە."
 
پەروەردەی راپەڕین خانەنشینبوونی کارگوزارەکان و دانەمەزراندنی کارمەندی دیکە لەشوێنیان بەهۆکاری کەمی کارگوزار لەقوتابخانەکان دادەنێت. محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی راپەڕین، بە رووداوی گوت: ''هەوڵدەدرێ حکومەت بیر لە پاککردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن بکاتەوە، بەدامەزراندن بێ یان لەرێگەی کۆمپانیا هاوشێوەی تەندروستی. قوتابخانەکان پاکبکرێنەوە".