لە سلێمانی هاونیشتمانییەک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی شۆفێری بارهەڵگرێک بە گوللە کوژرا، پەیامنێری رووداو دەڵێت، کاتی هاتووچۆی لە نزیک چەمی چەقچەق تەپوتۆز دروست بووە و لە ئەنجامی دەمەقاڵێیدا لەگەڵ خاوەن باخێکدا شۆفێرەکە کوژراوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2024، لە نزیک چەمی چەقچەق لە سلێمانی، شۆفێری بارهەڵگرێک لە ئەنجامی دەمەقاڵێی لەگەڵ خاوەن باخێکی ناوچەکە کوژرا.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆری میدیایی رووداو لە سلێمانی لەبارەی وردەکاریی رووداوەکەوە گوتی، شۆفێری بارهەڵگرەکە ناوی سەڵاح حەمەساڵحە و بە بارهەڵگرەکەی بە نزیک باخی هاونیشتمانییەکدا تێپەڕیوە، کە بووە بەهۆی دروستبوونی تەپوتۆز و دەمەقاڵێی نێوانیان.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، خاوەن باخەکە تەقەی لە سەڵاح کردووە و لە ئەنجامدا سەڵاپ گیانی لەدەستداوە و دواتر تەرمەکەی گەیێندراوەتە دادپزیشکیی سلێمانی.