لە دیلۆک شەڕە تەقە روویدا؛ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە دیلۆکی باکووری کوردستان شەڕە تەقە لە نێوان دوو ماڵبات روویدا و گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکەی لێکەوتەوە.
 
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 28-10-2024، لە شارۆچکەی شەهید کامیل لە پارێزگەی دیلۆک روویدا؛ دوای ئەوەی دەمەقاڵێ لە نێوان دوو ماڵباتەکە دروست دەبێت، سەردەکێشێت بۆ شەڕە تەقە. لە ئەنجامی شەڕە تەقەکەدا دوو کەس کە مام و برازای یەکدین، بریندار بوون.
 
تیمەکانی تەندروستی و جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان رەوانەی نەخۆشخانە کرد، بەڵام یەكێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، کێشەی نێوان دوو ماڵباتەکە لەسەر مامەڵەیەک بووە.
 
تیمەکانی جەندرمە لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکرد.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی ئوموت لە ساڵی 2023، سێ هەزار و 773 رووداوی تەقەکردن روویداوە، تێیاندا دوو هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون.