شارەوانییەکانی سلێمانی: لە قەزا و ناحییەکان زەوی دابەش دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دەڵێت، لە کەمتر لە 15 رۆژی داهاتوودا لە قەزا و ناحییەکانی سنوورەکەیان زەوی دابەش دەکرێت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی فەرمانبەران لە هەولێر و زاخۆ، سلێمانی زەوییان بەسەردا دابەشکراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
 
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە وەزارەتی شارەوانییەوە ناوی 157 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە گەڕاوەتەوە شارەوانیی سلێمانی. ئەوانیش داوای ناسنامە و پێداویستییەکانی دیکەیان کردووە بۆیان بنێرین بۆ وەرگرتنی زەوی."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و بڕیارە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو دابەشکردن لە سنووری قەزا و ناحییەکان دەستپێبکات.
 
17ـی ئەم مانگە تیروپشک بۆ دابەشکردنی 5 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 17ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2 هەزار 474 پارچە زەوی رەزامەندی دابەشکردنیان دراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.