مامۆستایانی گرێبەست دەستبەکار دەبن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو مامۆستایانەی وانەبێژبوون و کراون بە گرێبەست، فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرچووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 28.10.2024، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزیرى خوێندنى باڵا، زانکۆکان بە دەرکردنى فەرمانى زانکۆیى رادەسپێرێت بۆ دەستبەکاربوونى مامۆستایانى وانەبێژ بەشێوەى گرێبەست.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە گشتاندنێکدا کە د. ئارام محەممەد قادر واژۆی کردووە و ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستانی کردووە، تێیدا هاتووە "دواى فەرمانى وەزاریمان ژمارە 2367 لە رێککەوتى 06.10.2024 سەبارەت بە دامەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتمان بەشێوەى گرێبەست، بڕیاردرا بە راسپاردنى زانکۆکان، بە دەرکردنى فەرمانى زانکۆیى دەستبەکاربوون بۆ وانەبێژانى دامەزراو بەشێوەى گرێبەست لەسەر میلاکى زانکۆکانتان لە رێککەوتى 28.10.2024".
 
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى بەگرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى واژۆ کرد.
 
وانەبێژانی خوێندنی باڵا ژمارەیان 4 هەزار و 14 مامۆستایە. لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ئاماژە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی دیوان ژمارە (13338) تایبەت بە بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتمان،" بڕیاری بەگرێبەستکردنی وانەبێژان دراوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، وەزارەتەکەیان هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتى دارایی و ئابووری دەکات بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستکردنەکە و ئەنجامدانی بایۆمەتری.
 
02ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا دەکرێنە گرێبەست.
 
خوێندنی 2023 و 2024، هەزار و 982 وانەبێژای هەبوو و بە نووسراوێک داوای بە گرێبەستکردنیان کرا؛ هەروەها نزیکەی 2 هەزار وانەبێژی دیکەی ساڵانی پێشتر هەبوون و بە نووسراوێکی دیکە داوای گرێبەستکردنی ئەوانیش کرابوو. توانا نەجەف گوتی، گرێبەستکردن هەموویان دەگرێتەوە.
 
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژانی پەروەردە بکاتە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە