رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی تورکیا گیانلەدەستدانی بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدەی لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیدا راگەیاند.
بەگوێرەی هەواڵێک کە ئەمڕۆ شەممە، 28-10-2023، لەلایەن ئاژانسی دەوڵەتی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، فەرماندەیەکی هەسەدە لە دێرکی رۆژئاوای کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT)دا گیانی لەدەستداوە. میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردووەتەوە کە ناوی ئەو فەرماندەیە محەممەد ئازۆیە و شیبلی دێرک ناوە نهێنییەکەی بووە.
میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، محەممەد ئازۆ ساڵی رابردووش کراوەتە ئامانج، بەڵام بە برینداری رزگاری بووە و دواتریش بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە؛ دواتریش گەڕاوەتەوە دێرک و بەرپرسیارێتی پێ سپێردراوە.
رۆژی هەینی 27-10-2023 میدیای نزیک لە هەسەدە گیانلەدەستدانی شیبلی دێرکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە درۆنی تورکیاوە کراوەتە ئامانج.
تورکیا لە 2016ـەوە سێ جار لە رێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
تورکیا رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی چڵەزەیتوون لەشکرکێشی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان؛ شەڕڤانان ماوەی 58 رۆژ شەڕیان کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ