کوردێکی ئێزدیی خەڵكی عەفرین لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە سووریا کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆسەر پێگەکانی سوپای سووریا لە پارێزگای دەرعا، سەربازێکی کورد کوژرا کە خەڵکی هەرێمی عەفرینە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتوون، لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا کە رۆژی چوارشەممە کردیە سەر هێزەکانی سووریا لە پارێزگای دەرعا، گەنجێکی کورد بە ناوی بەدری بەشیر عوسمان کوژرا. 
 
بەدری بەشیر، کوردێکی ئێزدیی خەڵکی گوندی قتمێی سنووری عەفرین بوو و بۆ جێبەجێکردنی یاسای سەربازیی زۆرەملێ، ببووە سەربازی سووریا.
 
بە گوتەی کەسوکارەکەی، بەدری بەشیر تەمەنی 23 ساڵ بوو و لەنێو فیرقەی پێنجی سوپای سووریادا خزمەتی سەربازی کردووە.
 
رۆژی 25-10-2023، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، ئەو چەکدارە فەلەستینییانەی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانیدان، لە رۆژئاوای پارێزگای دەرعای سووریاوە مووشەکێکیان ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کردووە کە ئەو شوێنە لە بنەڕەتدا خاکی سووریایە، بەڵام ئێستا لەژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیلدایە.
 
سوپای ئیسرائیلیش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و بڵاویکردەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانمان چەند ژێرخانێکی سوپای سووریایان کردە ئامانج".
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا هەشت سەرباز کوژران و حەوت سەربازی دیکەش برینداربوون و یەکێک لەو کەسانەش کە کوژرا، ئەو هاونیشتمانییە بوو. 
 
لەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل لە سنووری باکوورەوە کەوتووەتە ئامادەباشی و دەڵێت، بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک لە سنووری بەرزاییەکانی جۆلان ئامادەیە.