لە باکووری کوردستان هێرشکرایە سەر کافێی ستاربەکس و زیانی پێگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ژمارەیەک کەس لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان هێرشیان کردە سەر لقێکی کافێی ستاربەکسی ئەمریکی. رووداوەکە لە رێگەی سەرەکیی ئامەد-رووها روویدا. ئەو گرووپە گەنجەی ئامەد ستاربەکسیان تۆمەتبارکرد بەوەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات و پەلاماری کافێکەیان دا.
بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە لقی کایاپناری ستاربەکس لە ئامەد ئەمڕۆ شەممە، 28-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هێرشەکەدا زیان بە لقەکەمان کەوتووە. جامەکان شکێندراون. هیچ زیانێکی گیانی نییە. هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی دیاریکراوەوە کرا. ئەوان باس لەوە دەکەن گوایە ستاربەکس پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ستاربەکس پشتگیرییەکی لەو جۆرەی رانەگەیاندووە".
بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە لقی کایاپناری ستاربەکس باسی لەوە کرد کە گرووپێک بە دەستی ئەنقەست دەیانەوێت پشێوی دروستبکەن؛ راشیگەیاند لە ماوەیەکی کورتدا پۆلیسی ئامەد گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و کۆتایی بە پشێوییەکان هێناوە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە وەکو کاردانەوەی مووشەکبارانەکانی حەماس بەردەوامن. ئەمڕۆ شەممە، 28-10-2023، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ 150 "ئامانجی ژێر زەوی" لە باکووری کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە. هەر شەوی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە، چەکدارەکانیان لە چەند بەرەیەکەوە رووبەڕووی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە.
شەڕی ئەمجارەی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل رۆژی 7ی ئەم مانگە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەو رۆژە چەکدارانی حەماس هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل و دوای ئەوەش حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری شەڕی دژی چەکدارانی حەماس دا.