مەترانی نوێی ئەرمەنەکان لە هەولێر ناسێندرا

رووداو دیجیتاڵ 

رێوڕەسمی ناساندنی مەترانی نوێی ئەرمەن لە هەولێر بەڕێوەچوو. ئۆشکان کولکولیان مەترانی نوێی ئەرمەکانی ئۆتۆدۆکس لە عێراق بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستنیشانکردنی، نوێژی قەداسی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد.
 
ئۆشکان کولکولیان، مەترانی نوێی ئەرمەنەکانی ئۆرتۆدۆکس لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە زۆر گرنگ بوو ، هێز و پشتیوانیی بە من بەخشی. هەروەک چۆن بە ئەرمەنییەکانم گوت بینینی نەوەیەکی نوێ کە بە شێوەیەکی جوان سروود و شیعری ئەرمەنییان پێشکەش کرد ئەو هەستەی بە من دا کە ئەوان پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ یاسا و شۆناسەکانی خۆیان هەیە و ئێمە زۆر زۆر سوپاسگوزارین".
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کەنیسە، هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ پۆستی مەترانی پێکهاتەی ئەرمەن دەکرێت، بەڵام لەعێراق بەهۆی نەبوونی کاندید 42 ساڵبوو هەڵبژاردن بۆ پۆستی مەتران نەکرابوو. دواجار مانگی ئایاری ساڵی رابروو بەهۆی بوونی کاندید هەڵبژاردن بۆ مەترانی نوێی ئەرمەن لە عێراق بەرێوەچوو، دوای زیاتر لە ساڵێک و 5 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن 8ی ئەم مانگە ئۆشکان کولکولیان لەلایەن پاتریاکی ئەرمەکان لەسەر ئاستی جیهان پلەی مەترانی نوێی پێکهاتەی ئەرمەکانی لە عێراق پێدرا.
 
یروانت نیسان مارکۆس، کەسایەتیی ئەمەرنەکان دەڵێت، "پێش دوو هەفتە لە ئەرمینیا بووین، مەترانی پێکهاتەی ئەرمەنەکان لە جیهان 5 مەترانی دەستنیشانکرد کە یەکیان بۆ عێراق و کوردستان بوو، ئەمە یەکەمین قەداسە کە لە کوردستان دەستبەکاربوونی بۆ دەکرێت، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە."
 
پێکهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستبەکاربوونی مەترانی نوێ بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن، چونکە پێیانوایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دۆخێکی هەستیار و ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت. 
 
داوا مارد یوسیان، سەرۆکی لیژنەی کارگێڕیی پێکهاتەی ئەرمەن لە زاخۆ دەڵێت، "ئەمە گوزارشتێکە کە بۆ جەنابی مەتران دیاری دەکەین لە دوای دەستبەکاربوونی وەک مەترانی پێکهاتەی ئەرمەن لە عێراق زۆر دڵخۆشین. دوای چەندین ساڵ ئەمە جاری یەکەمە ئەم رێوڕەسمە لە کوردستان بەڕێودەچێت." 
 
بەپێی ئامارەکانی کەنیسە، نزیکەی 10 هەزار ئەرمەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەژین. لەو ژمارەیە نزیکەی چوار هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن.