کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک داوای چۆڵکردنی 40 خانووی کوردنشین دەکات
رووداو - کەرکووک
ژمارەیەک لە کوردانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک دژی هەوڵێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان و گەڕاندنەوەی بۆ کۆمپانیاکە گردبوونەوەی ناڕەزاییان کرد.
کۆمپانیای نەوتی باکوور لە رێگەی سکاڵای یاسایی و لە دادگەوە زیاتر لە 40 ماڵی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت خانووەکان چۆڵ بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ کۆمپانیاکە. خەڵک کەوا بۆ 20 ساڵ دەچێت لەو گەڕەکە نیشتەجێن، دەڵێن، ئەوکات کە هاتنە ئەم شوێنە، خانووەکان تەواو نەکرابوون و بڕیاربوو بدرێنە دارودەستەی عەلی حەسەن مەجید، بەڵام خۆیان دروستیان کردن و تێیدا حەسانەوە دوای چەندین ساڵ ئاوارەیی.
ساڵح ئیسماعیل، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە دەڵێت، "نازانم حکومەت بۆچی دەرماندەکات، زەوییەکە زەویی کۆمپانیایە، خۆ خانوو هی کۆمپانیا نییە، ئەو خانووانە بۆ ئەفسەرەکانی عەلی حەسەن مەجید کراوە؛ ئەگەر عەلی حەسەن مەجید دێت دەرمان دەکات، با ئەو بێت دەرمان بکا."
سەباح قادر، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو ئەم کەلاوانە ئێمە ئاوەدانمان کردوونەتەوە، ئێستا چاویان بڕیوەتە ئەمانە و سکاڵامان لێدەکەن، دەیانەوێت دەرمان بکەن، دەریش ناچین مەگەر بمانکوژن."
زۆربەی دانیشتووانی ئەو خانووانە کەسوکاری شەهید و قوربانیانی دەستی بەعسن، ئێستا دەڵێن، "گەر دەربکرێین، دەبێت دیسان ئاوارە ببینەوە."
کەژاڵ یابە، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە باس لەوە دەکات، "ئەم 40 ماڵە چییە بۆ کەرکووک، من هاوسەرم لەسێدارە دراوە، ئەوەندەش مافمان ناکەوێت؟" جەمیلە محەممەد، دانیشتووی هەمان گەڕەک ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە ئەوە لە 91ـەوە ئاوارەین، لە سلێمانی و هەولێر هەر ئاوارە بووین، هاتووینەتەوە ئێرەش هەر ئاوارەین."
گەرچی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران خانووە زێدەڕۆکان تاپۆ دەکرێن، بەڵام سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، "لە هەوڵدان تەواوی زەوی و خانووی کۆمپانیاکە وەربگرنەوە، کە دەستی بەسەردا گیراوە، کەچی ئەوەی گوشاری لەسەرە، تەنیا ماڵە کوردەکانن."
کێشەکە تەنیا لە عەرەفە نییە، لە گەڕەکی رووناکی 27 ماڵی دیکەی کورد دراونەتە دادگە و گوشاریان لێدەکرێت خانووەکانیان چۆڵ بکرێت، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی زەویی شارەوانین.
دلێر سەردار یەکێکە لەو کەسانەی لە دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، ئەو کە دانیشتووی گەڕەکی رووناکییە دەڵێت، "کۆی گشتی 65 ماڵە، بەڵام سکاڵا کراوە لەو 27 ماڵەی سەر شەقامەکە، بانگ کراوین لە بنکەی پۆلیسەوە و ئیدی چووینە دادگە."
لە کاتێکدا لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە چڕی زیادەڕۆیی دەکرێتە سەر زەویی گشتی، کەچی ماوە ماوە بەرۆکی هەندێک لەو ماڵە کوردانە دەگیرێت کە لەدوای ساڵی 2003وە کاتێک گەڕانەوە، لە ئاوارەیی خانوویان کردووە، بەهۆی پێنەدانی زەویی تاپۆ و قەرەبووی زیانلێکەوتنیان.