ئاسایشی سلێمانی: بە تۆمەتی سیحر و جادوو دووکەس دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە هەڵەبجە و بازیان دوو کەسیان بە تۆمەتی فریودان و سیحر و نووشتە و جادوو دەستگیرکردووە، کە بوون بە "هۆکارێک بۆ تێکدانی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان."
 
رۆژی شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە پارێزگای هەڵەبجە و قەزای بازیان، بە تۆمەتی فریودان و سیحر و نووشتە و جادوو، دوو کەسیان دەستگیرکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکان هەوڵیانداوە لە رێگەی سیحر، نووشتە و جادووەوە، "هاووڵاتییان فریو بدەن و ببنە هۆکارێک بۆ تێکدانی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان."
 
لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیرکراوە بەسەر چەکێکی بێ مۆڵەت و چەندین کەرەستە و پارچە جلوبەرگ کە بۆ نووشتەکردن بەکارهێنراون.
 
تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.