110 قوتابیی سۆران لە خانوویەکی 200 مەترییدا دەخوێنن

28-10-2023
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
قوتابخانەی هاودەم لە گوندی هاودیانی سنووری ئیدارەی سۆران
قوتابخانەی هاودەم لە گوندی هاودیانی سنووری ئیدارەی سۆران
نیشانەکردن خوێندن وەزارەتی پەروەردە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قوتابییانی گوندی هاودیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە خانوویەکی 200 مەتریدا دەخوێنن و ژمارەیان 110 قوتابی دەبێت، وەکو خۆیان دەڵێن، بنمیچی قوتابخانەکەیان لە زستاندا دڵۆپە دەکات و دەرگە و پەنجەرەکانی شکاون. هەروەها داوای قوتابخانەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە بۆ گوندەکەیان دەکەن.  
 
ئەو ژوورانەی کراون بە پۆلی وانە گوتنەوە بەشێکیان درزیان بردووە، ئەو گرفتانە قوتابییان و مامۆستایانی قوتابخانەکەی نیگەران کردووە و محەممەد وەلید قوتابییەکە لە قوتابخانەکە دەڵێت، "من لە پۆلی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا لەو قوتابخانەیە دەخوێنم بەڕاستی زۆر بەناخۆشی بەڕێم کردووە، تاوەکو بڵێیت قوتابخانەیەکی ناخۆشە بیناکەمان کۆنە، پێویستییەکانی خوێندن خراپ بوون و چاک نەکراونەتەوە بە زستان ساردە و بە هاوینیش گەرمە، تەختە و کورسیی دانیشتنمان هەمووی شکاون."
 
بەهۆی نەبوونی باڵەخانەیەک بۆ قوتابخانە، لە گوندی هاودیان خانوویەکی 200 مەتریی کراوە بە قوتابخانە و 110 قوتابی تێیدا دەخوێنن.
 
زۆرینەی کەلوپەلەکانی قوتابخانەی هاودەمی بنەڕەتیی تێکەڵاو لە گوندی هاودیانی سنووری ئیدارەی سۆران، 12 ساڵ لەمەوبەر دابینکراون، هەموویان کۆنبوون و "کەڵکی بەکارهێنانییان نەماوە."
 
روکەن روار، یەکێکی دیکەیە لە قوتابییەکان، باسی کوالێتی قوتابخانەکەی کرد و گوتی، "قوتابخانەکەمان هیچ کوالیتیەکی خوێندنی تێدانییە، هەموو دەرگە و پەنجەرەکانی شکاون، ئێمەش چاومان لەوەیە وەکو قوتابییەکانی دیکە قوتابخانەیەکی مۆدێرن سەردەمیانەمان هەبێت."
 
سەرباری ئەو گرفتانە، قوتابییەکان بەهۆی نەبوونی یاریگە و کەلوپەل و جلوبەرگی تایبەت بە وەرزش، ناتوانن وەکو پێویست وانەی وەرزش بخوێنن، بەڵام ئەوان دەڵێن، بە هەرشێوازێک بێت نایانەوێت لەو وانەیە دوور بکەونەوە. 
 
روار فەرزندە ئیسماعیل، بەرێوەبەری قوتابخانەی هاودەمە باسی چیرۆکی برینداربوونی قوتابییەک دەکات و دەڵێت، "ئەم قوتابییە لەکاتی یاریکردن بەربووەوە و سەری شکا، لەبەر ئەوەی یاریگامان نییە قوتابییان ناتوانن وەک پێویست یاری بکەن، ئێمە پێویستمان بە باڵەخانە و پێداویستیی نوێیە بۆ قوتابخانە."
 
گرفتی قوتابخانەکە بەوە تەواو نابێت، ئەو خانووە بەکرێ گیراوە و کراوە بە قوتابخانە و خاوەنی خانووەکە چەند ساڵێکە داوا دەکات خانووەکە چۆڵ بکەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت مەترسی داخستنی لەسەرە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە