سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: کار دەکەین کەرتی گەشتیاری لە شێوە لۆکاڵییەکەی بهێنینە دەرەوە و بە نێودەوڵەتی بکەین
رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی گەشتیاری بە بەشداریی دەستەکانی گەشتوگوزاری عێراق و هەرێمی کوردستان، نوێنەری کۆمپانیاکانی عێراق و نوێنەری شوێنە گەشتیارییەکان، دیداری گەشتیاری پاییزە لە چیای کۆڕەک بەڕێوەدەچێت.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە سۆران رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی 28-10-2022، دیدارێکی پاییزەی گەشتیاری لە چیای کۆڕەک بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران رێکخراوە.
چیایی محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز لەبارەی ئامانجی سازکردنی ئەو دیدارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجمان لێکنزیکبوونەوەی زیاتری کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق و کوردستانە، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتانەی کە هەن، بۆ نموونە کۆمپانیایەکی زۆری بێ مۆڵەت لە بەغداوە گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن، کە ئەمەش زیانێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری کوردستان دەگەیێنێت. بۆیە دەمانەوێت رێگری لە هاتنی ئەو کۆمپانیایەنە بکەین، کە مۆڵەتیان نییە، زیاتر بوار لەبەردەم ئەو کۆمپانیایانە بکرێتەوە کە مۆڵەتیان هەیە."
لە دیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نوێنەری کۆمپانیاکانی عێراق، نوێنەری شوێنە گەشتیارییەکانی کوڕەک و شنگلبانە و بێخاڵ و بەشدارن.
هەروەها سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش لە دیدارەکە ئامادەیە، هەڵگورد شێخ نەجیب، لەبارەی پلانی ئیدارەی سۆران لە بواری گەشتوگوزار بە رووداوی راگەیاند: "تایبەتمەندیی شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەوەیە لە هەر چوار وەرزی ساڵ دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت، ئامانجیش لە رێکخستنی ئەو دیدارانە ئەوەیە لێکتێگەیشتنێک لەنێوان ئەو کۆمپانیایانەی گەشتیار دەهێنن بۆ سنوورەکە لەگەڵ ئیدارەی سنوورەکە دروستبکرێت."
بەگوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، لە دوایین سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران "پلان و بەرنامەی زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا، بەرنامەی زۆر باشیش هەیە. ئێمە ئێستا کار لەسەر دروستکردنی ماستەرپلانێکی گەشتیاری دەکەین بۆ ئەوەی ئاستی کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران بە جۆرێک بەرز بکەینەوە لە شێوە لۆکاڵییەکەی بهێنینە دەرەوە و بە نێودەوڵەتی بکەین."