دوایین کۆنسێرتی ئەمساڵی ماڵی زەهاوی بەڕێوەچوو و ساڵی داهاتوو بە شێوازێکی نوێ بەردەوام دەبن
رووداو دیجیتاڵ
دوایین کۆنسێرتی ئەمساڵی ماڵی زەهاوی لەسەر قەڵای هەولێر بەبەشداریی ژمارەیەک موزیکژەن و هۆزانڤان بەڕێوەچوو.
لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەندانی هەموو ناوچەکانی کوردستان بەشداربوون، ئەمساڵ ماڵی زەهاوی پێنج کۆنسێرتیان لەسەر قەڵای هەولێر کردووە و بڕیارە لە ساڵانی داهاتووش ئەو پڕۆژەیە بەردەوام بێت بەڵام بەشێوازی جیا.
سەرجەم کۆنسێرتەکانی ماڵی زەهاوی لە قەڵای هەولێر بەڕێوەچوون، کە مۆسیقا و گۆرانی کلاسیک و مۆدێرنیان لەخۆ دەگرت و هونەرمەندان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوە ئامادەبوون.
هەژار زەهاوی، هونەرمەندی کورد دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت ماڵی موزیکی زەهاوی ببێتە ماڵێکی نێودەوڵەتی کە هونەرمەندان لە هەموو جیهان بەشداریی تێدا بکەن، ئێستاش بەهۆی وەرزی زستان و سەرماوە کارەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی رادەگرن.
هێنتیر میکنییەر، مۆسیقاژەنێکە و دەڵێت، "دەبینم کارێکی زۆر گەنجانەیە بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندانی ناوچە جیاوازەکان و بەرەوپێشبردنی کولتووری ناوچەکانیان."
ماڵی زەهاوی لە کۆتایی ساڵی 2021 لەلایەن هەژار زەهاوی، هونەرمەندی کورد دروستکراوە، کۆنسێرت و ماستەرکلاس و وۆرکشۆپ بۆ هەژاران رێکدەخات.
کۆنسێرتەکانی ئەمساڵ کۆتاییهات، بەڵام تاوەکو مانگی حوزەیرانی داهاتوو، چەند وۆرکشۆپێک لەلایەن ئەو ماڵەوە بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە دەست بە کۆنسێرتەکان بکەنەوە.